لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 18:9-33

یۆحەنا 18:9-33 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

جووه‌كان بڕوایان نه‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ نابینا بووه‌ و وا ده‌بینێت، تاكو دایبابی ئه‌وه‌یان بانگكرد كه‌ ده‌بینێت. لێیان پرسین و وتیان: “ئایا ئه‌مه‌ كوڕتانه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌ زگماک نابینا بووه‌؟ ئه‌ی ئێستا چۆن ده‌بینێت؟” دایبابی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ده‌زانین ئه‌مه‌ كوڕمانه‌ و به‌ زگماک نابینا بوو. به‌ڵام نازانین ئێستا چۆن ده‌بینێت، یان نازانین كێ چاوی كردووه‌ته‌وه‌. خۆی به‌ته‌مه‌نه‌، پرسی لێ بكه‌ن، با باسی خۆی بكات”. دایبابی له‌ ترسی جووه‌كان ئه‌مه‌یان وت، چونكه‌ جوو ته‌گبیریان كردبوو هه‌ر كه‌سێک دان بنێت كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌، له‌ كه‌نیشت ده‌ریده‌كه‌ن. بۆیه‌ دایبابی وتیان: “خۆی به‌ته‌مه‌نه‌، پرسی لێ بكه‌ن”. دیسان ئه‌و پیاوه‌ی پێشتر نابینا بوو بانگكرد و پێیان وت: “خودا شكۆدار بكه‌! ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌م پیاوه‌ گوناهباره‌”. كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ئه‌گه‌ر گوناهباره‌، نازانم، به‌ڵام یه‌ک شت ده‌زانم، نابینا بووم و ئێستا ده‌بینم”. پێیان وت: “چی لێ كردیت؟ چۆن چاوی تۆی كرده‌وه‌؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “پێم وتن گوێتان لێ نه‌گرتم. بۆچی دیسان ده‌تانه‌وێ ببیستن؟ ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ ببنه‌ قوتابیی ئه‌و؟” جنێویان پێیدا و وتیان: “تۆ قوتابیی ئه‌ویت، به‌ڵام ئێمه‌ قوتابیی مووشێین. ئێمه‌ ده‌زانین مووشێ خودا له‌گه‌ڵی دوواوه‌، به‌ڵام نازانین ئه‌مه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌”. پیاوه‌كه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یره‌! ئه‌و چاوی كردوومه‌ته‌وه‌، ئێوه‌ش نازانن له‌كوێوه‌ هاتووه‌. ده‌شزانین خودا گوێ له‌ گوناهباران ناگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌خواترس بێت و به‌ خواستی بكات، ئه‌وا گوێی لێ ده‌گرێت. هه‌رگیز نه‌بیستراوه‌ یه‌كێک چاوی مرۆڤێكی به‌ زگماک نابینای كردبێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ له‌ خوداوه‌ نه‌بێت، نه‌یده‌توانی هیچ بكات”.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 9 بخوێنەوە

یۆحەنا 18:9-33 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، هەتا ئەوەی دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد. لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟» دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو. بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.» دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن. لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.» دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.» کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.» لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟» وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟» جنێویان پێیدا و گوتیان: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موساین. دەزانین خودا قسەی لەگەڵ موسا کرد، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە.» کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن ئەو لەکوێوە هاتووە. ئێمە دەزانین خودا گوێ لە گوناهباران ناگرێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لەخواترس بێت و خواستی خودا پەیڕەو بکات، ئەوا گوێی لێ دەگرێت. هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە. ئەگەر ئەم کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات.»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 9 بخوێنەوە