لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:19-30

یۆحەنا 12:19-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌م كاته‌وه‌ ئیتر پیڵاتوس هه‌وڵی ده‌دا ئازادی بكات، به‌ڵام جووه‌كان هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئازاد بكه‌یت، دۆستی قه‌یسه‌ڕ نیت. هه‌ر كه‌سێک خۆی بكاته‌ پاشا، به‌ره‌نگاریی قه‌یسه‌ڕ ده‌كات”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست، ئیشۆعی برده‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشت، له‌ شوێنێک پێی ده‌ووترێ به‌ردڕێژكراو، به‌ عیبریش گپپتا. ڕۆژی ئاماده‌كاری په‌سخه‌ بوو، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو، به‌ جووه‌كانی وت: “ئه‌وه‌تا پاشاكه‌تان”. ئه‌وانیش هاواریان كرد: “بیبه‌! بیبه‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “پاشاكه‌تان له‌خاچ بده‌م؟” كاهینانی باڵا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “جگه‌ له‌ قه‌یسه‌ڕ پاشامان نییه‌”. ئیتر دایه‌ ده‌ستیان تاكو له‌خاچ بدرێت. ئه‌وانیش ئیشۆعیان برد. به‌ خۆی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ده‌رچوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترێ “شوێنی كاسه‌سه‌ر”، به‌ عیبریش پێی ده‌ووترێ “گاغولتا”. له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ له‌خاچیان دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ لایه‌كییه‌وه‌، ئیشۆعیش له‌ناوه‌ڕاست. پیڵاتوسیش ناونیشانێكی نووسی و له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ی دانا، نووسرابوو: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی، پاشای جوو”. جووێكی زۆر ناونیشانه‌كه‌یان خوێنده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تێدا له‌خاچدرابوو له‌ شار نزیک بوو. به‌ عیبری و به‌ یۆنانی و به‌ لاتینی نووسرابوو. كاهینانی باڵای جووه‌كان به‌ پیڵاتوسیان وت: “مه‌نووسه‌: پاشای جوو، به‌ڵكو ئه‌و خۆی وتی: من پاشای جووم!”. پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی نووسیومه‌، نووسیومه‌”. كاتێک سه‌ربازه‌كان ئیشۆعیان له‌خاچدا، پۆشاكه‌كانیان برد و كردیانه‌ چوار پارچه‌، بۆ هه‌ر سه‌ربازێک پارچه‌یه‌ک. كراسه‌كه‌شیان برد، كراسه‌كه‌ بێ دروومان بوو، له‌سه‌رڕا یه‌ک پارچه‌ چنرابوو. جا به‌ یه‌كتریان وت: “با نه‌یدڕێنین، تیروپشكی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ كێ ده‌بێت”. تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ فه‌رموویه‌تی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} . جا سه‌ربازه‌كان ئه‌مه‌یان كرد. له‌لای خاچه‌كه‌ی ئیشۆع، دایكی و پووری و مه‌ریه‌می ژنی كلۆپا و مه‌ریه‌می مه‌گدانی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ ئیشۆع دایكی بینی و ئه‌و قوتابییه‌ش كه‌ خۆشیده‌ویست له‌لای ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ دایكی فه‌رموو: “خانم، ئه‌وه‌تا كوڕی تۆ”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كه‌شی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا دایكی تۆ”. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ قوتابییه‌كه‌ بردییه‌وه‌ ماڵی خۆی. دوای ئه‌مه‌، ئیشۆع بینی كه‌وا هه‌موو شتێک ته‌واو بوو و تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی، فه‌رمووی: “تینوومه‌”. گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ سركه‌ دانرابوو، هه‌وریه‌كی پڕ له‌ سركه‌یان خسته‌ سه‌ر قامیشێک و به‌رزیان كرده‌وه‌ بۆ ده‌می. كاتێ ئیشۆع تامی سركه‌كه‌ی كرد، فه‌رمووی: “ته‌واو بوو”. ئینجا سه‌ری دانه‌واند و ڕووحی سپارد.

یۆحەنا 12:19-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.» کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا». ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو. ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.» ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.» ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت. سەربازەکانیش عیسایان برد. عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا». لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان. پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.» جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو. کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“» پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.» کاتێک سەربازەکان عیسایان لە‏ خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو. لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی: ﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾ جا سەربازەکان ئەمەیان کرد. لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون. کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.» بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی. پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.» گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی. کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.