لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:12-26

یۆحەنا 12:12-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ زۆره‌ی هاتبوونه‌ جه‌ژن، بیستیان ئیشۆع دێته‌ یروشلایم. لقه‌ دارخورمایان برد و به‌ره‌وپیری چوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! پاشای ئیسڕائیل!” ئیشۆع جاشێكی بینی، سواری بوو، وه‌ک نووسراوه‌: {مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی سهیۆن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێت به‌ سواری جاش ماكه‌رێك} . سه‌ره‌تا قوتابییه‌كانی له‌مانه‌ تێنه‌گه‌یشتن. به‌ڵام كه‌ ئیشۆع شكۆدار بوو، ئه‌وسا بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسراون، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌یان بۆ ئه‌و كرد. كۆمه‌ڵه‌كه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون كاتێ له‌عازه‌ڕی له‌ گۆڕه‌كه‌وه‌ بانگكرد و له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌، گه‌واهییان بۆی ده‌دا. بۆیه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان كرد، چونكه‌ بیستیان ئه‌و په‌رجوه‌‌ی كردووه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان وت: “ده‌بینن! ئێوه‌ هیچتان له‌ ده‌ست نایه‌ت! ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان دوای كه‌وت!”. هه‌ندێک یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژندا كڕنۆش ببه‌ن، ئه‌مان هاتنه‌ لای پیلیپوسی خه‌ڵكی بتسه‌یده‌نی گلیلا، پێیان وت: “گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت ئیشۆع ببینین”. پیلیپوسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ ئیشۆعیان وت. به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت.

یۆحەنا 12:12-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا! ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!» عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە: ﴿ئەی شاری سییۆن مەترسە، ئەوەتا پاشاکەت دێت بە سواری جاشی ماکەرێک.﴾ سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە. هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!» هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن. ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت. عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»