لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 5:1-25

یۆحەنا 5:1-25 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ڕووناكیه‌كه‌ش له‌ تاریكیدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و تاریكییه‌كه‌ تێی نه‌گه‌یشت. مرۆڤێک هات كه‌ خودا ناردبووی، ناوی یوخه‌ننه‌ن بوو. ئه‌و بۆ گه‌واهیدان هات، تاكو گه‌واهی بۆ ڕووناكییه‌كه‌ بدات، تاكو هه‌موو به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنن. ئه‌و ڕووناكییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ گه‌واهیدان بۆ ڕووناكییه‌كه‌ هات. ئه‌و ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ هه‌موو مرۆڤێک ڕووناک ده‌كاته‌وه‌، ده‌هاته‌ جیهان. ئه‌و له‌ جیهاندا بوو، جیهانیش به‌و به‌دیهات، كه‌چی جیهان نه‌یناسی. بۆ لای ئه‌وانه‌ی خۆی هات، ئه‌وانه‌ی خۆی په‌سه‌ندیان نه‌كرد. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌سه‌ندیان كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، ده‌سه‌ڵاتی پێدان ببنه‌ ڕۆڵه‌كانی خودا، ئه‌وانه‌ی نه‌ به‌ خوێن، نه‌ به‌ خواستی جه‌سته‌، نه‌ به‌ خواستی پیاو له‌دایكبوون، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌. وشه‌كه‌ش بووه‌ جه‌سته‌ و له‌ نێوماندا نیشته‌جێ بوو. شكۆی ئه‌ومان بینی، وه‌ک شكۆی تاقانه‌یه‌ک له‌ باوكه‌وه‌، پڕ له‌ به‌خشش و ڕه‌وا. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی بۆ دا، هاواری كرد و وتی: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وتم: ئه‌وه‌ی دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ له‌پێش من بووه‌”. هه‌موومان له‌ پڕی ئه‌و، به‌خشش له‌سه‌ر به‌خششمان وه‌رگرت. چونكه‌ ته‌ورات به‌ مووشێ‌ درا، به‌ڵام به‌خشش و ڕه‌وا به‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ بوون. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، ڕۆڵه‌ی تاقانه‌، ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌شی باوكدایه‌، ئه‌و ده‌ریخست. ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌، كاتێ جووی یروشلایم، كاهین و لیوییان نارده‌ لای پرسی لێ بكه‌ن: “تۆ كێیت؟” دانی پیا نا و نكۆڵی نه‌كرد، وتی: “من مه‌سیحه‌كه‌ نیم”. ئینجا لێیان پرسی: “ئه‌ی كێیت؟ ئیلییای؟” وتی: “نا، ئه‌و نیم”. “ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی؟” وتی: “نه‌خێر”. ئینجا پێیان وت: “باشه‌ تۆ كێیت؟ تا وه‌ڵامێک بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان ناردووه‌، ده‌رباره‌ی خۆت چی ده‌ڵێی؟” وتی: “ {من ده‌نگی هاوارگه‌رێكم له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن} . وه‌ک ئێشه‌عیای پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی”. نێردراوانیش له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون، پرسیان لێكرد و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ نیت و ئیلییا نیت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش نیت، ئیتر بۆچی عه‌ماد ده‌كه‌یت؟”

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 1 بخوێنەوە

یۆحەنا 5:1-25 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە. مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات. ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان. ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون. وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت و ڕاستی. یەحیا شایەتی بۆ دا و هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.» لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە، چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات. هەرگیز کەس خودای نەبینیوە جگە لە کوڕە تاقانەکەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست. ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین و لێڤییان ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە نیم.» ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.» «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر.» لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟» یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“﴾» ئەوانەی لە‏لایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 1 بخوێنەوە