یەرمیا 10:9-24
یەرمیا 10:9-24 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم، بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە، چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت، دەنگی مێگەل نابیسترێت، باڵندەکانی ئاسمان ڕایانکرد، ئاژەڵەکان ڕۆیشتن. «ئۆرشەلیم وێران دەکەم، دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ، شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە بەبێ دانیشتووان.» کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟ یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون. لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.» لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم. بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن، بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان. با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن، چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت. دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا، ”چۆن تێکدراین! چەند شەرمەزار بووین! چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت، چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“» ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن. کچەکانتان فێری شیوەن بکەن، هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات. مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا، هاتە ناو قەڵاکانمانەوە، بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و لاوان لە گۆڕەپانەکان. بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت، وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە، وەک چەپکی دوای دروێنەکەر، کەس نییە کۆی بکاتەوە.“» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات، با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات، با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات، بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات: کە لە من تێدەگات و دەمناسێت، کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی، چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.