لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:42-12 - Compare All Versions

یەرمیا 1:42-12 KSS (كوردی سۆرانی ستانده‌رد)

ئینجا هەموو سەرلەشکرەکان و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و یەزەنیای کوڕی هۆشەعیا و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە هاتنە پێش و بە یەرمیای پێغەمبەریان گوت: «تکایە! گوێ لە پاڕانەوەمان بگرە و نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارت لە پێناو هەموو ئەمانەی ماونەتەوە. هەروەک دەبینی، چونکە پێشتر زۆر بووین و ئێستا کەم ماوینەتەوە. بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت پێمان بڵێت، بە کام ڕێگادا بڕۆین و چی بکەین.» یەرمیای پێغەمبەریش وەڵامی دانەوە: «گوێم لێتان بوو، من وەک قسەکەی خۆتان داوا لە یەزدانی پەروەردگارتان دەکەم، جا یەزدان هەرچی فەرموو پێتانی ڕادەگەیەنم، هیچتان لێ ناشارمەوە.» ئەوانیش بە یەرمیایان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەتێکی ڕاست و دڵسۆز بێت، ئەگەر ئێمە هەموو فەرمایشتەکەی یەزدانی پەروەردگارت کە بە تۆدا بۆمان دەنێرێت، ئاوا نەکەین. چاک بێت یان خراپ، ئێمە گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان دەگرین، ئەوەی ئێمە دەتنێرین بۆ لای، چونکە ئەگەر گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان بگرین، چاکەمان لەگەڵ دەکات.» ئەوە بوو دوای دە ڕۆژ، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات. ئەویش یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی کە لەگەڵی بوون و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورەی بانگکرد، پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی ئێوە منتان بۆ لای نارد بۆ ئەوەی پاڕانەوەکەتان بخەمە بەردەمی، ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر لەم خاکە نیشتەجێ بن، من بنیادتان دەنێم و ناتانڕووخێنم، دەتانچێنم و ڕیشەکێشتان ناکەم، چونکە پاشگەز بوومەوە لەو بەڵایەی بەسەرم هێنان. هەروەها یەزدان دەفەرموێت: لە پاشای بابل مەترسن، ئەوەی ئێستا لێی دەترسن. لێی مەترسن، چونکە من لەگەڵتانم بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم و لە دەستی ئەو فریاتان بکەوم. جا بەزەییم پێتاندا دێتەوە، بۆ ئەوەی پاشای بابل بەزەیی پێتاندا بێتەوە و بۆ خاکەکەی خۆتان بتانگەڕێنێتەوە.“

هاوبەشی بکە
یەرمیا 42 KSS