یەرمیا 15:31-22
یەرمیا 15:31-22 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «واز لە گریان بهێنە و چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ، چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە. کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە. منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا: ”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم، من تەمبێ بووم. بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە، چونکە تۆ یەزدانی پەروەردگاری منی. لەدوای گومڕابوونم، پەشیمان بوومەوە، لەدوای تێگەیشتنم، لە سنگی خۆمم دا. شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا، چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“ ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە، ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟ لەبەر ئەوەی هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم، دووبارە دێتەوە یادم. لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت، بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و ڕێوشوێن دابنێ. بە وردی بڕوانە ڕێگاکە، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن. ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە، بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت. هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت، ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟ چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە: ژن پیاو دەپارێزێت.»