یەرمیا 13:2-19
یەرمیا 13:2-19 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«گەلەکەم دوو خراپەی کردووە: وازیان لە من هێنا، من کە کانی ئاوی ژیانم، هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند، ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت. ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟ بۆچی بوو بە تاڵانی؟ بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان، دەنگیان هات، خاکەکەیان وێران کردووە، شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن. هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە. ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد، کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟ ئێستا بۆچی دەچیتە میسر بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟ ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟ خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات. جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە، کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و ترسی منت لە دڵدا نییە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.