لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:10-10

یەرمیا 1:10-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن، هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن. نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات، بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن. وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین، هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.» ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە، تۆ مەزنیت، لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە. کێ لێت ناترسێت، ئەی پاشای نەتەوەکان؟ چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە. لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و لە هەموو شانشینەکانیان، کەس هاوتای تۆ نییە. تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون، شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن. زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و زێڕ لە ئوفازەوە. دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە، بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە، هەمووی دەستکردی وەستایانن. بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.