لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 7:52-12

ئیشایا 7:52-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

چەند جوانە لەسەر چیاکان پێیەکانی مزگێنیدەران، ڕاگەیەنەری ئاشتی، مزگێنیدەری خۆشی، ڕاگەیەنەری ڕزگاری، ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن: «خودات پاشایەتی دەکات!» گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن، پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن، بە چاوی خۆیان دەبینن کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن. ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم، پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات، بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە. یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان، هەر چوار لای زەویش ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن. ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان، جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە! دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن! لەناوی وەرنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە! بەڵام بە پەلە دەرناچن، بە هەڵاتن ناڕۆن، چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات، خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.