ئیشایا 9:40-14
ئیشایا 9:40-14 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن، بڕۆ سەر کێوێکی بەرز، بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە، بەرزی بکەرەوە، مەترسە. ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم، بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ: «ئەوەتا خوداتان!» ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت، بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات. ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و خەڵاتەکەی لەبەردەمی. وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت: بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و بە باوەش هەڵیاندەگرێت، بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات. کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و بە بست ئاسمان؟ کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟ کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و گردەکانیش بە تەرازوو؟ کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟ یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند، ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟ کێ زانینی فێرکرد و ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟
هاوبەشی بکە
ئیشایا 40 بخوێنەوە