لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 10:33-24

ئیشایا 10:33-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم، ئێستا بە گەورە دەزانرێم، ئێستا بڵند دەکرێمەوە. بە گیا دووگیان دەبن و کاتان دەبێت، هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات. گەلان دەبن بە گەچ، وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.» ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە، ئەی نزیکەکان هێزم بزانن! گوناهباران لە سییۆن تۆقین، گڵاوەکان لەرز دایگرتن: «کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟ کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟» ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و ڕاستی دەڵێت، ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە دەستەکانی بۆ وەرگرتنی بەرتیل، ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت، ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت، قەڵای چیاکان پەناگایەتی، نانی دەدرێت و ئاوی مسۆگەرە. چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت، سنوورێکی فراوان دەبینن. دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت: «کوا خامەی نهێنی و کوا باجگر؟ کوا بەرپرسی قوللەکان؟» ئیتر گەلی دڕندە نابینن، گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن، زمانیان گرانە تێیان ناگەیت. بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان، چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن، ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە. سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن، هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن. بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت. شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت. کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت. یەزدان دادوەرمانە، یەزدان فەرزدانەرمانە، یەزدان پاشامانە، ئەو ڕزگارمان دەکات. گوریسەکانت شل بوون، بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن، چارۆکە بڵاو ناکەنەوە. ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا، شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد. دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،» ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.