لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 9:32-20

ئیشایا 9:32-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن! ئەی کیژە دڵنیاکان، گوێ شل بکەن بۆ قسەی من! ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ لەرز دەتانگرێت، چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و کۆکردنەوە نایەت. ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن! ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت! جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە، گوش لە کەمەرتان ببەستن. لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان، بۆ ڕەزی بەردار، بۆ خاکی گەلەکەم دڕکوداڵ دەڕوێت، بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان، بۆ شارە گەشاوەکە. بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت، شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت، قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە، دەبن بە سەیرانگای گوێدرێژەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان، هەتا ئەو کاتەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا دەڕژێت، جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و باخیش بە دارستان دادەنرێت. جا دادپەروەری یەزدان لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و ڕاستودروستییەکەشی لەناو باخ دادەنیشێت. جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی. ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و لە نشینگەی ئاسوودەیی و شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی. تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت، شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت، بەڵام خۆزگە بە خۆتان کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن.