هۆشەع 10:9-17
هۆشەع 10:9-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«ئیسرائیلم دۆزییەوە وەک ترێ لە چۆڵەوانی، لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک. بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعلپەعۆر و خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد، ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون. ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت، نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە. تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن، جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت. قوڕبەسەریان کاتێک پشتیان تێدەکەم. ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە لە لەوەڕگا ڕواوە، بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.» ئەی یەزدان، بیاندەرێ، چییان پێدەدەیت؟ منداڵدانێکی لەباربردە و دوو مەمکی وشک. «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە. لەبەر کردەوە خراپەکانیان لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم. ئیتر خۆشم ناوێن، هەموو میرەکانیان یاخین. ئەفرایم هەڵپڕووکاوە، ڕەگیان وشک بوو، بەر ناگرن. ئەگەر منداڵیشیان ببێت، منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.» خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە، چونکە گوێیان لێی نەگرت، لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.