هۆشەع 9:2-15
هۆشەع 9:2-15 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە، شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا. خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن لەبەری دادەکەنم. ئێستا شوێنی شەرمی لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم، کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت. هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم: جەژن و سەرەمانگەکانی، شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی. ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم، کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“ دەیانکەم بە دارستان و ئاژەڵی کێوی دەیانخوات. لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند، بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە، دوای خۆشەویستانی کەوت، بەڵام منی لەیاد کرد.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین دەیبەمە چۆڵەوانی و بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم. لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە، دۆڵی عاخۆر دەکەم بە دەرگای هیوا. لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت، وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»