لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 13:9-22

عیبرانییەکان 13:9-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوێنی گا و بزن و خۆڵه‌مێشی گوێره‌كه‌ كه‌ به‌سه‌ر گڵاوه‌كاندا ده‌پرژێندرێت، پارسا بكات بۆ بێگه‌ردكردنی جه‌سته‌، ئیتر خوێنی مه‌سیح چه‌ند زیاتره‌، ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحێكی ئه‌زه‌لی بێ كه‌موكوڕی خۆی پێشكه‌شی خودا كرد، ئه‌وه‌ی ویژدانتان له‌ كرداره‌ مردووه‌كان پێگه‌رد ده‌كاته‌وه‌، تاكو ڕاژه‌ی خودای زیندوو بكه‌ن! له‌به‌ر ئه‌مه‌ نێوانگری په‌یمانی نوێیه‌، تاكو بانگكراوان به‌ڵێنی میراتی جاویدانی وه‌ربگرن، چونكه‌ مردنی قوربانیدانی گوناهه‌كانه‌ كه‌ له‌ په‌یمانی یه‌كه‌م دا كردوویانه‌. ئه‌گه‌ر وه‌سیه‌تنامه‌ هه‌بێ، پێویسته‌ مردنی وه‌سیه‌تكار بسه‌لمێندرێ، چونكه‌ وه‌سیه‌تنامه‌ له‌گه‌ڵ مردن ده‌كه‌وێته‌ كار، هیچ هێزیشی نییه‌ كه‌ وه‌سیه‌تكار زیندوو بێ. بۆیه‌ په‌یمانه‌كه‌ی یه‌كه‌میش بێ خوێن جێبه‌جێ نه‌كرا. چونكه‌ مووشێ، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕاسپارده‌كانی به‌گوێره‌ی ته‌ورات به‌ هه‌موو گه‌لی ڕاگه‌یاند، خوێنی گوێره‌كه‌ و بزنی هێنا له‌گه‌ڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، به‌سه‌ر ته‌ورات و هه‌موو گه‌لدا پرژاندی. وتی: “ئه‌مه‌ خوێنی ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ خودا فه‌رمانی پێ كردن”. هه‌روه‌ها خوێنه‌كه‌ی پرژانده‌ سه‌ر نشینگه‌كه‌ و هه‌موو هیرباره‌كانی ڕاژه‌ كردن. به‌گوێره‌ی ته‌ورات نزیكه‌ی هه‌موو شتێک به‌ خوێن پێگه‌رد ده‌بێته‌وه‌، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت!

عیبرانییەکان 13:9-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت، پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە، ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین. لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە. ئەگەر وەسیەتنامە هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ، چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت. بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا، چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی. فەرمووی: ﴿ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.﴾ هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن. بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.