لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 7:12-14

عیبرانییەکان 7:12-14 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی ته‌مبێكردن بگرن، خوداش وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی ڕه‌فتارتان له‌گه‌ڵ ده‌كات. چ ڕۆڵه‌یه‌ک هه‌یه‌ باوكی ته‌مبێی نه‌كات؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌مبێكردنتان نه‌بێت، له‌وه‌ی هه‌موویان بوونه‌ هاوبه‌ش، ئه‌وا زۆڵن و ڕۆڵه‌ی نین. باوكی مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ته‌مبێی كردووین و ڕێزی ئه‌ومان گرتووه‌. ئه‌ی چه‌ند زیاتر ملكه‌چی باوكی ڕووحه‌كانمان بین، جا ده‌ژین؟ چونكه‌ باوكانمان ڕۆژانێكی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌ باشیان زانیوه‌ ته‌مبێیان كردووین، به‌ڵام خودا بۆ سوودی ئێمه‌یه‌ ته‌مبێمان ده‌كات، تاكو به‌شداری پارساییه‌كه‌ی بكه‌ین. هه‌ر ته‌مبێكردنێک ئێستا نابینرێت بۆ خۆشی بێت به‌ڵكو بۆ خه‌م، كه‌چی دواتر به‌روبوومی ئاشتییانه‌ی خوداناسی ده‌گرێت بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ڕاهێنراون. بۆیه‌ ده‌سته‌ لاوازبووه‌كان و ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان به‌هێز بكه‌ن، ڕێڕه‌وی به‌رپێتان ڕاست بكه‌نه‌وه‌، تاكو شه‌ل پێی له‌جێ نه‌چێت، به‌ڵكو چاكبێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌مووان دوای ئاشتی بكه‌ون، هه‌روه‌ها پارسا بن. بێ پارسایی كه‌س په‌روه‌ردگار نابینێت.

عیبرانییەکان 7:12-14 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون. کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، ﴿ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،﴾ تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە. کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت.