لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گەلاتیا 7:6-18

گەلاتیا 7:6-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن! خودا گاڵته‌ی پێ ناكرێت. چونكه‌ مرۆڤ چی بچێنێت، ئه‌وه‌ ده‌دروێته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ جه‌سته‌ی خۆی بچێنێت، گه‌نده‌ڵی له‌ جه‌سته‌ی ده‌دروێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ڕووح بچێنێت له‌ ڕووحه‌وه‌ ژیانی جاویدانی ده‌دروێته‌وه‌. كه‌واته‌ با له‌ چاكه‌كاری نه‌كه‌وین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وره‌ به‌رنه‌ده‌ین له‌ كاتی خۆیدا دروێنه‌ی ده‌كه‌ین. كه‌واته‌ هه‌روه‌ک ده‌رفه‌تمان هه‌یه‌، با چاكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مووان بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ باوه‌ڕداران. سه‌یر بكه‌ن، ئه‌و پیتانه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆم نووسیومه‌ چه‌نده‌ درشتن! ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ جه‌سته‌دا ڕواڵه‌تێكی چاک دروست بكه‌ن، ئه‌وانه‌ ناچارتان ده‌كه‌ن خروسه‌بڕان بكرێن، ته‌نها تاكو له‌پێناوی خاچی مه‌سیح نه‌چه‌وسێندرێنه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی خروسه‌بڕاون، خۆیان ته‌ورات په‌یڕه‌و ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ئێوه‌ خروسه‌بڕان بكرێن، تاكو شانازی به‌ جه‌سته‌ی ئێوه‌ بكه‌ن. به‌ڵام حاشا بۆ من، شانازی به‌ هیچ ناكه‌م، خاچی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جیهان بۆ من له‌خاچدراوه‌، منیش بۆ جیهان. چونكه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا نه‌ خروسه‌بڕان سوودی هه‌یه‌ و نه‌ خروسه‌نه‌بڕان، به‌ڵكو ئافریده‌ی نوێ. با ئاشتی و به‌زه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، بۆ ئیسڕائیلی خوداش. ئیتر با كه‌س گرفتم بۆ دروست نه‌كات، چونكه‌ په‌رجوه‌كانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارم له‌ له‌شدا هه‌ڵگرتووه‌. برایان، به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ ڕووحتان بێت. ئامین.

گەلاتیا 7:6-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خۆتان هەڵمەخەڵەتێنن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە. کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. ئینجا هەتا دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران. سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن. ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە. ئەوانەی خەتەنەکراون، شەریعەتی تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن. لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان، چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنەنەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ. با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش. ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە. خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.