لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 1:19-15

دەرچوون 1:19-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل میسریان بەجێهێشت، ڕێک لە سەرەتای مانگی سێیەمدا گەیشتنە چۆڵەوانی سینا. لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە چۆڵەوانی سینا و لەوێ لەبەردەم کێوەکە لایاندا. موساش سەرکەوت بۆ لای خودا، یەزدان لە کێوەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «ئاوا بە بنەماڵەی یاقوب دەڵێیت و ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل ڕادەگەیەنیت: ”خۆتان ئەوەتان بینی کە بە میسرییەکانم کرد، ئێوەشم لەسەر باڵی هەڵۆکان هەڵگرت و ئێوەم بۆ لای خۆم هێنا. ئێستاش ئەگەر ئێوە بە تەواوی گوێم لێ بگرن و پەیمانەکەم بپارێزن، ئەوا گەنجینەیەکی تایبەت دەبن بۆ من لەنێو هەموو گەلان. هەرچەندە هەموو زەوی هی منە، بەڵام ئێوە بۆم دەبنە پاشایەتی کاهینان و نەتەوەیەکی پیرۆز.“ ئەمانە ئەو وشانەن کە بە نەوەی ئیسرائیلی دەڵێیت.» موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو. هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند. هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا. بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، نە نزیک کێوەکە بکەونەوە، نە دەست لە بنارەکەی بدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت. ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.» موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت. بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»