لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 7:18-18

دەرچوون 7:18-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

موساش هاتە دەرەوە بۆ پێشوازی خەزووری، کڕنۆشی برد و ماچی کرد، لە هەواڵی یەکتریان پرسی و چوونە ناو چادرەکە. موساش هەموو ئەو شتانەی بۆ خەزووری گێڕایەوە کە یەزدان بە فیرعەون و میسرییەکانی کرد لە پێناوی گەلی ئیسرائیل و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لە ڕێگا تووشیان هات و یەزدان فریایان کەوت. یەترۆش دڵخۆش بوو بەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کردی، کە فریایان کەوتبوو لە دەستی میسرییەکان. یەترۆ گوتی: «ستایش بۆ یەزدان ئەوەی لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی فیرعەون فریاتان کەوت، ئەوەی فریای گەل کەوت لەژێر دەستی میسرییەکان. کاتێک بەو شتانە لووتبەرز بوون لەسەر ئیسرائیلییەکان، ئێستا زانیم کە یەزدان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.» جا یەترۆی خەزووری موسا قوربانی سووتاندن و چەند قوربانییەکی دیکەی بۆ خودا هێنا، هارون و هەموو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەزووری موسا بە ئامادەبوونی خودا نان بخۆن. ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان. کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟» موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «لەبەر ئەوەی گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن. هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.» خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە. خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت.