لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەفەسۆس 1:6-12

ئەفەسۆس 1:6-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ڕۆڵه‌كان، گوێڕایه‌ڵی دایبابتان بن له‌ په‌روه‌ردگار، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌وایه‌. “ڕێزی باوک و دایكت بگره‌” ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌وه‌ دێت “تاكو چاكه‌ بێته‌ ڕێت و ته‌مه‌نت درێژ بێت له‌سه‌ر زه‌وی”. ئێوه‌ش ئه‌ی باوكان، منداڵه‌كانتان تووڕه‌ مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕاسته‌ڕێكردن و ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن. كۆیله‌كان، گوێڕایه‌ڵی گه‌وره‌كانتان بن به‌پێی جه‌سته‌، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ به‌ ساكاری، وه‌ک بۆ مه‌سیح بێت، نه‌ک به‌ ڕاژه‌ی به‌رچاوان وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ڕازی بكات، به‌ڵكو وه‌ک كۆیله‌ی مه‌سیح به‌دڵه‌وه‌ خواستی خودا به‌جێبهێنن. با ڕاژه‌تان له‌ دڵپاكیه‌وه‌‌ بێت، وه‌ک بۆ په‌روه‌ردگاری بكه‌ن نه‌ک بۆ خه‌ڵكی، چونكه‌ ده‌زانن هه‌ر یه‌كێک چ چاكه‌كارییه‌ک بكات ئه‌وه‌ له‌ په‌روه‌ردگار وه‌ریده‌گرێته‌وه‌، كۆیله‌ بێت یاخود ئازاد. ئێوه‌ش گه‌وره‌كان، هه‌مان شتیان بۆ بكه‌ن، واز له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن بێنن، بزانن گه‌وره‌ی ئێوه‌ش له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌ویش جوداخوازی ناكات. له‌ كۆتاییدا برایان، به‌هێز بن له‌ په‌روه‌ردگار و له‌ هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ی. به‌ چه‌كی ته‌واوی خودا خۆتان پۆشته‌ بكه‌ن، تاكو بتوانن به‌رامبه‌ر پیلانی ئیبلیس بوه‌ستن. چونكه‌ زۆرانبازیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆشت و خوێن نییه‌، به‌ڵكو دژی سه‌رۆكه‌كان، دژی ده‌سه‌ڵاتداران، دژی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌م تاریكییه‌ی جیهانه‌، هه‌روه‌ها دژی سه‌ربازه‌ به‌دكاره‌ ڕووحییه‌كانه‌ له‌ شوێنه‌ ئاسمانیه‌كان.

ئەفەسۆس 1:6-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی منداڵان، ئێوە وەک شوێنکەوتەی مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە. ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.﴾ ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت ﴿بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.﴾ ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن. ئەی کۆیلەکان، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن. با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی، چونکە دەزانن عیسای خاوەن شکۆ پاداشتی هەرکەسێک دەداتەوە کە کاری چاک دەکات، جا کۆیلە بێت یاخود ئازاد. ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات. لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن. بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن، چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی ئەم جیهانە تاریکەیە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان.