لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەفەسۆس 1:1-8

ئەفەسۆس 1:1-8 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌خواستی خودا، بۆ ئه‌و پارسایانه‌ی له‌ ئه‌پیسۆسدان و باوه‌ڕداران به‌ ئیشۆعی مه‌سیح: به‌خشش و ئاشتیی خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بۆ ئێوه‌. ستایش بۆ خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، كه‌ به‌ هه‌موو داڕشتێكی ڕووحی له‌ شوێنه‌كانی ئاسماندا داڕشتی كردووین له‌ مه‌سیحدا، كه‌ پێش دامه‌زراندنی جیهان له‌ودا هه‌ڵیبژاردین، تاكو له‌به‌رده‌می به‌ خۆشویستن پارسا و بێ گله‌یی بین. كه‌ پێشتر به‌ئیشۆعی مه‌سیح بۆ ڕۆڵایه‌تی، به‌گوێره‌ی خواستی خۆشحاڵانه‌ی خۆی دیاری كردین، بۆ ستایشكردنی شكۆی به‌خششه‌كه‌ی كه‌ له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا پێمانی به‌خشیوه‌، له‌ودا به‌ خوێنی ئه‌و بۆ ئێمه‌ قوربانیی دا، بۆ به‌خشینی گوناهه‌كان، به‌گوێره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌خششه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی دانایی و تێگه‌یشتنه‌وه‌ به‌سه‌رمانی دا باراند.

ئەفەسۆس 1:1-8 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری ئەفەسۆس، بۆ ئەوانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا دڵسۆزن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا بەرەکەتدار کردووە، وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ کەموکوڕی بین. پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین. ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بەهۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی، ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرمانی داباراند.