ژیرمەندی 11:9-18
ژیرمەندی 11:9-18 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی: ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و نان بۆ دانایان نییە و دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و پەسەندی بۆ زانایان نییە، چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت. هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت: وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن، یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن، ئادەمیزادیش بە هەمان شێوەی ئەوان لەناکاو و لە کاتێکی خراپدا دەکەونە تەڵەوە. ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە: شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا. ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما. منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت. قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان. دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە، بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.