لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ژیرمەندی 20:2-26

ژیرمەندی 20:2-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم. لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە. چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟ بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە. لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە، چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟ خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.