دواوتار 1:33-17
دواوتار 1:33-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل داوای کرد، بەر لە مردنی، گوتی: «یەزدان لە سیناوە هات و لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات، لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو، لە بنارەکانی باشوورەوە. بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت، هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان، ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن، ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن. موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین، میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب. لەنێو یەشوروون بوو بە پاشا، بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل، هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە. «با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت، با پیاوەکانی کەم نەبن.» سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت: «ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و بۆ لای گەلەکەی بیهێنە، دەستەکانی بەسە بۆی، ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!» سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی: «تومیم و ئوریمی تۆ بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە، ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد. ئەوەی سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی، ”ڕەچاوم نەکردوون،“ دانی بە براکانیشیدا نەنا و منداڵەکانیشی نەناسی، بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و پەیمانەکەی تۆی پاراست. نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات، بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت. ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و بە کرداری دەستی ڕازی بە، لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە، هەتا هەڵنەستنەوە.» سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی: «ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت، بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.» سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی: «با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان، بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە، بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ، بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان، بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان، بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی، لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە، با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە. نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی، قۆچەکانی قۆچی گای کێوین، بەوان قۆچ لە گەلان دەدات، پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی، ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و هەزارانی مەنەشەن.»