دواوتار 1:20-9
دواوتار 1:20-9 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان. کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات، پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.» ئینجا سەرکردەکان قسە بۆ سوپا دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە. کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات. کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.» ئینجا دووبارە سەرکردەکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.» کاتێک سەرکردەکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.