دواوتار 26:2-37
دواوتار 26:2-37 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
جا نێردراوانم لە چۆڵەوانی قەدێمۆتەوە بۆ لای سیحۆنی پاشای حەشبۆن نارد بە وشەی ئاشتیەوە و گوتم: «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین و تەنها بە ڕێگای سەرەکیدا دەڕۆین، لانادەین نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا، بە زیو خۆراکمان پێ دەفرۆشیت هەتا بیخۆین و بە زیو ئاومان دەدەیتێ هەتا بیخۆینەوە، تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین، هەروەک ئەوەی نەوەی عیسۆ کە لە سێعیردا نیشتەجێن و مۆئابییەکان کە لە عاردا نیشتەجێن بۆیان کردووین، هەتا لە ڕووباری ئوردون دەپەڕینەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێی بەخشیوین.» بەڵام سیحۆنی پاشای حەشبۆن ڕازی نەبوو ڕێگامان بدات پێیدا بڕۆین، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان وای لێکرد کەللەڕەق بێت و دڵی توند کرد تاکو بیداتە دەستتان، هەروەک چۆن ئەمڕۆ بووە. یەزدان پێی فەرمووم: «بڕوانە، ئەوا دەستم پێکرد سیحۆن و خاکەکەی بدەمە دەستت، ئێستا دەستپێبکە و دەست بەسەر خاکەکەیدا بگرە.» کاتێک سیحۆن و هەموو سوپاکەی لە یەهەچ بۆ جەنگ لە دژمان هاتنە دەرەوە، یەزدانی پەروەردگارمان ئەوانی دا بە دەستمان و ئێمەش لێمان دان لەگەڵ کوڕەکانی و هەموو سوپاکەی. لەو کاتەدا هەموو شارۆچکەکانیمان گرت و لە هەموو شارۆچکەیەک پیاو و ژن و منداڵمان بە تەواوی قڕکرد، نەمانهێشت کەس دەرباز بێت، بەڵام ئاژەڵە ماڵییەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کرد و دەستکەوتی شارۆچکەکانمان برد. لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە و ئەو شارۆچکەیەی لە دۆڵەکەیە هەتا گلعاد، هیچ شارێک نەبوو لەپێشمان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارمان هەمووی دا بە دەستمان، بەڵام لە خاکی عەمۆنییەکان نزیک نەکەوتینەوە، هەموو لایەکی دۆڵی یەبۆق و شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکە و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێدا.