لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 10:5-24

دانیال 10:5-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت! لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان. ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.» ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟ بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە. ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە. من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.» دانیالیش وەڵامی پاشای دایەوە: «با دیارییەکانت بۆ خۆت بن و پاداشتەکانت بە کەسێکی دیکە بدە، بەڵام من نووسینەکە بۆ پاشا دەخوێنمەوە و بۆی لێکدەدەمەوە. «ئەی پاشا، خودای هەرەبەرز پاشایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی و هێزی دایە نەبوخودنەسری باوکت. بەهۆی ئەو گەورەییەی کە پێیدا، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان لەبەردەمی دەتۆقین و دەلەرزین. ئەوەی ویستی کوشتی و ئەوەی ویستی بە زیندوویی هێشتییەوە و ئەوەی ویستی بەرزی کردەوە و ئەوەی ویستی نزمی کردەوە. بەڵام کاتێک دڵی بە فیز بوو و کەللە ڕەق بوو، لە تەختی پاشایەتی هێنرایە خوارەوە و شکۆیەکەی لێسەنرایەوە. لەنێو خەڵکدا دەرکرا و مێشکی وەک مێشکی ئاژەڵی لێهات، لەگەڵ کەرەکێوی دەژیا و وەک گا گژوگیای دەخوارد، لەشی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو، هەتا دانی بەوەدا نا کە خودای هەرەبەرز دەسەڵاتی لەسەر پاشایەتی مرۆڤدا هەیە، دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی. «بەڵام تۆ ئەی بێلشەسری کوڕی، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەمەت زانی، خۆتت نزم نەکردووەتەوە. بەڵکو خۆتت لە پەروەردگاری ئاسمان بە بەرزتر زانی، قاپوقاچاغەکانی پەرستگاکەی ئەویان هێنایە بەردەمت و تۆش خۆت و گەورە پیاوان و ژنەکانت و کەنیزەکانت تێیاندا شەرابتان خواردەوە. ستایشی بتە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردەکانت کرد، کە نابینن و تێناگەن و نازانن. بەڵام خودا ئەوەی هەناسەی تۆ و هەموو ڕێگاکانت بە دەستی ئەوە، ئەوت شکۆدار نەکرد. لەبەر ئەوە ئەو دەستە لەلای ئەوەوە نێردرا و ئەم نووسینەی نووسی.

هاوبەشی بکە
دانیال 5 بخوێنەوە