لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 13:15-35

کردار 13:15-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوبوون، یاقوو وتی: “برایان گوێم لێ بگرن: شیمعون ڕوونی كرده‌وه‌ چۆن خودا یه‌كه‌مجار بایه‌خی خۆی به‌ نه‌ته‌وه‌كان نیشانداوه‌، تا له‌نێو ئه‌واندا گه‌لێک بۆ ناوی خۆی ببات. وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ ڕێک ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ک نووسراوه‌: {دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ڕه‌شماڵه‌ كه‌وتووه‌كه‌ی داوید بنیاد ده‌نێمه‌وه‌، ڕووخاوییه‌كانی بنیاد ده‌نێمه‌وه‌ وسه‌رله‌نوێ هه‌ڵیده‌ده‌مه‌وه‌، تاكو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ داوای په‌روه‌ردگار بكه‌ن، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌. په‌روه‌ردگار ئاوا ده‌فه‌رمووێ، ئه‌وه‌ی دروستكاری ئه‌م شتانه‌یه‌ كه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون} . بۆیه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن كه‌ بۆ لای خودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو بۆیان بنووسین، خۆیان بگرن له‌ گڵاوی بته‌كان و له‌ داوێنپیسی و خنكێندراو و خوێن. چونكه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بانگه‌وازی مووشێ له‌ هه‌موو شارێک كرابوو و هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک له‌ كه‌نیشته‌كان ده‌خوێندرایه‌وه‌”. ئینجا په‌یامبه‌ران و پیران و هه‌موو وارگه‌ به‌باشیان زانی دوو پیاو له‌نێو خۆیان هه‌ڵبژێرن و له‌گه‌ڵ پۆڵۆس و به‌رنڤا بۆ ئینتیاكیا بیاننێرن: ئیهوودا كه‌ نازناوی به‌ڕشه‌ببایه‌ له‌گه‌ڵ شیلا، دوو پیاوی پێشكه‌وتوو بوون له‌نێو برایان. به‌ ده‌ستی خۆیان ئاوایان نووسی: “له‌ په‌یامبه‌ران و پیران و برایانه‌وه‌، بۆ ئه‌و برایانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن له‌ ئینتیاكیا و سوریا و قیلیقیا: ئاشتی بۆ ئێوه‌. بیستمان هه‌ندێ كه‌س له‌لای ئێمه‌وه‌ ده‌رچوون و بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ فه‌رمانیان پی بده‌ین، به‌ قسه‌كانیان بێزار و دڵگرانیان كردوون كه‌ وتوویانه‌ ده‌بێ خروسه‌بڕان‌ بكه‌ن و به‌گوێره‌ی ته‌ورات بكه‌ن. بۆیه‌ به‌ باشمان زانی به‌ یه‌ک بیروڕاوه‌ چه‌ند پیاوێک هه‌ڵبژێرین و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانمان به‌رنڤا و پۆڵۆس بۆ لاتان بنێرین پیاوانێک كه‌ خۆیان به‌خت كردووه‌ له‌ پێناوی ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح. جا ئیهوودا و شیلامان بۆ ناردن تاكو هه‌مان شتتان به‌ زار پێ ڕابگه‌یه‌نن. چونكه‌ ڕووحی پارسا و ئێمه‌ش وامان به‌ باش زانی هیچ قورساییه‌ک نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان، جگه‌ له‌مانه‌ كه‌ پێویستن: خۆتان بگرن له‌و قوربانییانه‌ی بۆ بت پێشكه‌ش كراون، هه‌روه‌ها له‌ خوێن و خنكێندراو و‌ داوێنپیسی، ئه‌گه‌ر خۆتان له‌مانه‌ پاراست، شتی چاک ده‌كه‌ن. سه‌لامه‌ت بن”. ئه‌مانیش كه‌ به‌ڕێكران، بۆ ئینتیاكیا هاتن، جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌ و په‌یامه‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد. كاتێ خوێندیانه‌وه‌ به‌و دڵنه‌واییانه‌ی تیایدا بوو دڵشاد بوون. ئيهوودا و شیلاش كه‌ خۆیان پێغه‌مبه‌ر بوون، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی برایانیان كرد و وره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كیان به‌سه‌ربرد، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌، به‌ ئاشتییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كرانه‌وه‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران، به‌ڵام شیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ بمێنێته‌وه‌. پۆڵۆس و به‌رنڤاش هه‌ر له‌ ئینتیاكیا مانه‌وه‌، موژده‌ به‌ خه‌ڵكێكی زۆریان ده‌دا وشه‌ی په‌روه‌ردگاریان فێرده‌كردن.

هاوبەشی بکە
کردار 15 بخوێنەوە

کردار 13:15-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن. شیمۆن ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ ناجولەکەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن. وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە: «﴿دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە، تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەموو ئەو ناجولەکانەی ناوی منیان هەڵگرتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.﴾ «لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەو ناجولەکانەی کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە، بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن، چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.» ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون. بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی: لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان، بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا: سڵاو. بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون. بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان، پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن، چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن: خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن. ماڵ ئاوا. ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد. کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون. یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە. پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، [ بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.] پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.

هاوبەشی بکە
کردار 15 بخوێنەوە