کردار 1:13-52
کردار 1:13-52 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
له ئینتیاكیا له‌نێو وارگه‌دا پێغه‌مبه‌ر و ڕابی هه‌بوون: به‌رنڤا و شیمعونی ناسراو به نیجه‌ر، لوقیئیوسی قه‌ورینێیی، مه‌ناینی شیربرای هیڕوودسی تیترارک، له‌گه‌ڵ شاوول. كاتێ په‌روه‌ردگاریان ده‌په‌رست و به‌ڕۆژووبوون، ڕووحی پارسا فه‌رمووی: “به‌رنڤا و شاوولم بۆ ته‌رخان بكه‌ن، بۆ ئه‌و كاره‌ی با‌نگم كردوون بۆی”. ئینجا به‌ڕۆژوو بوون و نوێژیان كرد، ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و به‌ڕێیانكردن. ئه‌وانیش كه به ڕووحی پارسا نێردران، به‌ره‌و سولوكیه دابه‌زین و له‌وێشه‌وه به ده‌ریادا بۆ قوبڕس. كاتێ گه‌یشتنه سه‌لامینا، وشه‌ی خودایان له كه‌نیشته‌كانی جوو ڕاگه‌یاند، یوخه‌ننه‌نیش وه‌ک ڕاژه‌وان له‌گه‌ڵیان بوو. به دوورگه‌كه‌دا گه‌ڕان تاكو گه‌یشتنه پاپۆس. له‌وێ تووشی جادووگه‌رێكی جوو بوون پێغه‌مبه‌رێكی درۆزن بوو، ناوی به‌ڕشووما بوو، له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وا سرجیۆس پۆڵۆس، كه پیاوێكی تێگه‌یشتوو بوو. به‌رنڤا و شاوولی بانگ‌كرد، داوای كرد گوێی له وشه‌ی خودا بێت. به‌ڵام عه‌لیمی جادووگه‌ر ئه‌مه ناوه‌كه‌ی بوو به‌ربه‌ره‌كانێی كردن و هه‌وڵی دا فه‌رمانڕه‌وا له باوه‌ڕ لابدات. كه‌چی شاوول كه پۆڵۆسی پێ ده‌ووترا، پڕبوو له ڕووحی پارسا و تێی‌ڕووانی، وتی: “ئه‌ی پڕ له هه‌موو فریو و فێڵ! ڕۆڵه‌ی ئیبلیس! دوژمنی هه‌موو خوداناسییه‌ک! له چه‌وتكردنی ڕێگای ڕاستی خودا ناوه‌ستی؟ ئه‌وه‌تا ده‌ستی په‌روه‌ردگارت له‌سه‌ره و كوێر ده‌بیت، بۆ ماوه‌یه‌ک خۆر نابینی”. یه‌كسه‌ر ته‌م و تاریكی دایپۆشی و گه‌ڕا به‌دوای یه‌كێک تاكو ده‌ستی بگرێت. كاتێ فه‌رمانڕه‌واكه بینی چی ڕوویدا، باوه‌ڕی هێنا، له فێركردنه‌كه‌ی په‌روه‌ردگار سه‌رسام بوو. پۆڵۆس و هاوڕێیانی به ده‌ریادا له پاپۆسه‌وه چوونه په‌رجه له په‌مپۆلیا. به‌ڵام یوخه‌ننه‌ن لێیان جیابووه‌وه و گه‌ڕایه‌وه یروشلایم. ئه‌وانیش به په‌رجه‌دا هاتنه ئینتیاكیای پیسیدیه، شه‌ممه‌ش چوونه كه‌نیشت و دانیشتن. پاش خوێندنه‌وه‌ی ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران، پێشه‌وایانی كه‌نیشته‌كه بۆیان ناردن و پێیان وتن: “برایان، ئه‌گه‌ر شتێكتان هه‌یه گه‌لی پێ ئامۆژگاری بكه‌ن، بیڵێن”. پۆڵۆس هه‌ستا و به ده‌ست ئاماژه‌ی كرد، وتی: “پیاوانی ئیسڕائیل و ئه‌وانه‌ی له خودا ده‌ترسن، گوێ‌بگرن! خودای ئه‌م گه‌له‌ی ئیسڕائیل باوكانمانی هه‌ڵبژارد و له كاتی ئاواره‌بوونیان له خاكی میسڕدا گه‌لی پایه به‌رز كرد، به بازووێكی به‌رزیشه‌وه له‌وێ ده‌ریهێنان. نزیكه‌ی چل ساڵیش له چۆڵه‌وانی به‌رگه‌ی گرتن. ئینجا حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی له زه‌ویی كه‌نعان له‌ناوبرد و زه‌وییه‌كه‌یانی به تیروپشک دابه‌ش كردن. ئه‌مه هه‌مووی نزیكه‌ی چوار سه‌د و په‌نجا ساڵی خایاند. دوای ئه‌مه خودا دادوه‌ری بۆ دانان تاكو شمووئێل پێغه‌مبه‌ر. ئینجا داوای پاشایان كرد، خودا‌ش شاوولی كوڕی قیشی پێدان، پیاوێكه له تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كردن. پاشان لایبرد و داویدی كرده پاشایان، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی بۆ دا و فه‌رمووی: {ده‌بینم داویدی كوڕی ئیشه‌ی، پیاوێكه به دڵی خۆمه، ئه‌وه‌ی هه‌موو خواستی من جێبه‌جێ ده‌كات} . له نه‌وه‌ی ئه‌مه‌وه، خودا به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی ئیشۆعی ڕزگاریده‌ری بۆ ئیسڕائیل هێنا. پێش هاتنی ئیشۆع، یوخه‌ننه‌ن بانگه‌وازی عه‌مادكردنی تۆبه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لی ئیسڕائیلی كرد. كاتێ یوخه‌ننه‌ن كۆششه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد، وتی: واده‌زانن من كێم؟ من ئه‌و نیم. ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی دوای من دێت، ئه‌وه‌ی من شایانی ئه‌وه نیم سۆله‌كانی پێی بكه‌مه‌وه. خه‌ڵكینه، برایان، كوڕانی پشتی ئه‌وڕاهه‌م و ئه‌وانه‌ی له‌نێوتاندا له خودا ده‌ترسن، په‌یامی ئه‌م ڕزگارییه بۆ ئێوه هاتووه. چونكه دانیشتوانی یروشلایم و سه‌رۆكه‌كانیان ئه‌مه‌یان نه‌ناسی، كاتێ تاوانباریان كرد، وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیان هێنایه دی كه هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک ده‌خوێندرێته‌وه. جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ هۆیه‌كیان بۆ مردن نه‌دۆزییه‌وه، داوایان له پیڵاتوس كرد بیكوژێت. دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ته‌واو كرد كه له‌سه‌ری نووسراوه، له ته‌خته‌داره‌كه هێنایانه خواره‌وه و خستیانه گۆڕ. به‌ڵام خودا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه، ڕۆژانێكی زۆریش بۆ ئه‌وانه ده‌ركه‌وت كه له گلیلاوه تاكو یروشلایم له‌گه‌ڵیدا هاتبوون. ئێستا ئه‌وان گه‌واهیده‌ری ئه‌ون بۆ گه‌له‌كه. ئێمه‌ش موژده‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێ ده‌ده‌ین كه بۆ باوكانمان هات، ئه‌وه‌ی خودا بۆ ئێمه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌وان هێنایه دی، به هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆع، وه‌ک له په‌سنیی دووه‌مدا نووسراوه: {تۆ ڕۆڵه‌ی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه باوكت} . سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خودا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه و ئیتر بۆ بۆگه‌نی ناگه‌ڕێته‌وه، ئاوای فه‌رمووه: {ئه‌و به‌ڵێنه پارسا و مسۆگه‌ره‌تان ده‌ده‌مێ كه به داویدم دابوو} . بۆیه له په‌سنیێكی دیكه ده‌فه‌رمووێ: {ڕێ ناده‌یت تاقانه پارساكهت بۆگه‌نی ببینێت} . چونكه داوید دوای ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی خودا ڕاژه‌ی نه‌وه‌ی خۆی كرد، نووست و چووه پاڵ باوكانی، بۆگه‌نیشی بینی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خودا هه‌ستاندیه‌وه بۆگه‌نی نه‌بینی. بۆیه برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، به‌هۆیه‌وه بانگه‌وازی به‌خشینی گوناه به ئێوه درا و به باوه‌ڕهێنان به‌م، بێ‌تاوان ده‌كرێن له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نه‌تانتوانی به ته‌وراتی مووشێ لێی بێ‌تاوان بكرێن. جا ئاگاداربن، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران وتوویانه به‌سه‌رتاندا نه‌یه‌ت: {ئه‌ی گاڵته‌جاڕه‌كان سه‌یر بكه‌ن، سه‌رسام بن و له‌ناوبچن، چونكه له ڕۆژانی ئێوه‌دا كارێک ده‌كه‌م، كه هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكرێت} ”. كاتێ جوو له كه‌نیشت ده‌رده‌چوون، داوایان لێ كرا شه‌ممه‌ی داهاتووش ئه‌م قسانه‌یان بۆ بكه‌ن. دوای كۆبوونه‌وه‌كه، زۆر له جوو و خواپه‌رسته‌كان كه ببوونه جوو، به‌دوای پۆڵۆس و به‌رنڤا كه‌وتن، ئه‌مانیش قسه‌یان بۆ ده‌كردن و هانیان ده‌دان له به‌خششی خودادا جێگیر بن. له شه‌ممه‌ی داهاتوو نزیكه‌ی هه‌موو دانیشتووانی شاره‌كه كۆبوونه‌وه، تاكو وشه‌ی په‌روه‌ردگار ببیستن. كاتێ جوو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان بینی، ئیره‌یی دایگرتن و به‌ربه‌ره‌كانێی قسه‌كانی پۆڵۆسیان ده‌كرد و كفریان ده‌كرد. پۆڵۆس و به‌رنڤاش به ئاشكرا دووان و وتیان: “ده‌بووایه یه‌كه‌مجار وشه‌ی خودامان بۆ ئێوه باس بكردایه. چونكه ئێوه ڕه‌تتان كرده‌وه و بڕیارتان دا كه شایانی ژیانی جاویدانی نین، ئه‌وه‌تا ڕوو له نه‌ته‌وه‌كان ده‌كه‌ین! چونكه په‌روه‌ردگار ئاوای ڕاسپاردین: {من تۆم كردۆته ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان، تاكو ببیته ڕزگاری بۆ ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی} ”. كاتێ نه‌ته‌وه‌كان گوێیان له‌مه بوو، زۆر دڵشادبوون و شكۆیان دایه وشه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه بۆ ژیانی جاویدانی ده‌ستنیشان كرابوون، باوه‌ڕیان هێنا. وشه‌ی په‌روه‌ردگار له هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا بڵاو بووه‌وه. به‌ڵام جووه‌كان خانمه ڕێزداره له‌خواترسه‌كان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆش دا، چه‌وساندنه‌وه‌یان دژ به پۆڵۆس و به‌رنڤا به‌رپاكرد و له سنووره‌كانی خۆیان ده‌ریان كردن. ئه‌وانیش تۆزی پێیان دژ به‌وان ته‌كاند و بۆ شاری ئیقانۆن هاتن. قوتابییه‌كانیش پڕده‌بوون له خۆشی و له ڕووحی پارسا.
کردار 1:13-52 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لە کڵێسا‌ی ئەنتاکیادا چەند پێغەمبەر و مامۆستایەک هەبوون: بەرناباس، شیمۆنی ناسراو بە ڕەش، لوکیوسی کورێنی، مەناینی شیربرای هێرۆدسی ئەنتیپاس پاشا، لەگەڵ شاول. کاتێک عیسای خاوەن شکۆیان دەپەرست و بەڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فەرمووی: «بەرناباس و شاولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی با‌نگم کردوون بۆی.» ئینجا بەڕۆژوو بوون و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن. ئەوانیش کە بە ڕۆحی پیرۆز نێردران، بەرەو سولوکیا دابەزین و لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبرس. کاتێک گەیشتنە سەلامیس، پەیامی خودایان لە کەنیشتەکانی جولەکە ڕاگەیاند، یۆحەناش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان بوو. بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون بە ناوی باریەشوع کە پێغەمبەرێکی درۆزن بوو. باریەشوع لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. سرگیۆس بەرناباس و شاولی بانگکرد، چونکە دەیویست گوێی لە پەیامی خودا بێت. بەڵام ئەلیماس کە جادووگەر واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات. کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕوانی و گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟ ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.» دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت. کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو. پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم. ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن. پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە پەیامیان نارد و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.» پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد و گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن: خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان. نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت، ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان. ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند. «لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر. ئینجا نەوەی ئیسرائیل داوای پاشایان کرد، خودا‌ش لە تیرەی بنیامین، شاولی کوڕی قیشی پێدان، کە بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن. پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: ﴿داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.﴾ «خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی، عیسای ڕزگارکەری لە نەوەی ئەوەوە بۆ ئیسرائیل هێنا. پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وا دەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“ «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە. دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە. جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ. بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن. «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات، ئەوەی خودا بۆ ئێمەی هێنایە دی کە وەچەی ئەوانین، بە هەستانەوەی عیسا. وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە: «﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾ خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت: ﴿ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.﴾ بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ: ﴿ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.﴾ «چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو. بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی. «بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت کە لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا. بە باوەڕهێنان بە ئەو بێ‌تاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی مو‌سا لێی بێ‌تاوان بکرێن. جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت: «﴿ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن، سەرسام بن و بمرن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم، کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.﴾» کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن. دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن. لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا نزیکەی هەموو دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە، تاکو گوێ لە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بگرن. کاتێک جولەکە خەڵکەکەیان بینی، ئیرەیی دایگرتن و بەربەرەکانێی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد و جنێویان پێدەدا. پۆڵس و بەرناباسیش بە چاونەترسییەوە وەڵامیان دانەوە: «پێویست بوو یەکەم جار پەیامی خودا بۆ ئێوە باس بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەتتان کردەوە و خۆتان بە شیاوی ژیانی هەتاهەتایی نەزانی، ئەوەتا دەچینە لای ناجولەکەکان، چونکە مەسیحی باڵادەست بەم جۆرە ڕایسپاردین: «﴿من تۆم کردووەتە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان، تاکو ڕزگاری بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.﴾» کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا. پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە. بەڵام ڕابەرانی جولەکە خانمە ڕێزدارە لەخواترسەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆش‌دا، چەوساندنەوەیان لە دژی پۆڵس و بەرناباس بەرپا کرد و لە سنوورەکانی خۆیان دەریانکردن. ئەوانیش تۆزی پێیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن. قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و ڕۆحی پیرۆز.