دووەم ساموئێل 13:12-19
دووەم ساموئێل 13:12-19 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.» ناتان وەڵامی دایەوە: «یەزدان لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەم کارەت بوویتە هۆی ئەوەی دوژمنانی یەزدان تەواو سووکایەتی بە یەزدان بکەن، ئەوا ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت دەمرێت.» هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت. داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە. پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد. ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.» کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»