دووەم ساموئێل 14:11-27 - بەراوردکردنی هەموو وەشەنەکان
دووەم ساموئێل 14:11-27 KSS (كوردی سۆرانی ستاندهرد)
بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی. لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.» جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن. لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا. یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند. فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت، ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟ کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“» نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕاسپاردبوو. هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «پیاوانی شارەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن. ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.» داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.» کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا. پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود بەدوایدا نارد و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە، ئیتر بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام یەزدان ئەم کارەی داودی پێ ناخۆش بوو.