دووەم پاشایان 26:18-37
دووەم پاشایان 26:18-37 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە.» بەڵام فەرماندەکە وەڵامی دانەوە: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووم هەتا ئەم قسانە بکەم؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووم، هەتا لەگەڵ ئێوە پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە؟» ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور! پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات. مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“ «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام. با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە، هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو، خاکی دار زەیتوون و هەنگوین. ژیان هەڵبژێرن نەک مردن! «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە فریوتان دەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟ کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم و هێنەع و عیڤا؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟ کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟» بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.» ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.