لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:6-18

دووەم کۆرنسۆس 1:6-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

وه‌ک هاوكاری خوداین، داواتان لێ ده‌كه‌ین به‌خششی خودا بێ سوود وه‌رمه‌گرن. چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ. “له‌ كاتی په‌سه‌ندیم گوێم لێ گرتیت، له‌ ڕۆژی ڕزگاری یارمه‌تیم دایت”. ئه‌وه‌تا ئێستا كاتێكی په‌سه‌نده‌، ئێستا ڕۆژی ڕزگاریه‌. له‌ هیچ شتێک نابینه‌ كۆسپ، نه‌وه‌ک گله‌یی بێته‌ سه‌ر ڕاژه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو شتێكدا وه‌ک ڕاژه‌وانی خودا خۆمان ده‌رده‌خه‌ین. به‌ دانبه‌خۆداگرتنی زۆرمان، له‌ ته‌نگانه‌، ناخۆشی و لێقه‌ومان، له‌ لێدان و زیندان و شڵه‌ژان، ماندوویی و بێداری و برسیێتی، به‌ بێگه‌ردی و زانین و ئارامگرتن و نیانی، به‌ ڕووحی پارسا و خۆشویستنی بێ ڕووپامایی، له‌ قسه‌ی ڕه‌وادا، له‌ هێزی خودا، به‌ چه‌كه‌كانی خوداناسی بۆ ڕاست و چه‌پ، به‌ شكۆ و سووكایه‌تی، ناوزڕاو و ناوبانگ، كه‌ ڕاستگۆین و وه‌ک چه‌واشه‌كار ده‌بینرێین، وه‌ک نه‌ناسراو به‌ڵام ناسراوین، وه‌ک مردوو و ئه‌وه‌تا زیندووین، وه‌ک سزادراو به‌ڵام نه‌كوژراوین، وه‌ک خه‌مبار، به‌ڵام هه‌رده‌م دڵشادین، وه‌ک هه‌ژار به‌ڵام زۆر كه‌س ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ین، وه‌ک هیچمان نه‌بێت و هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شتێكمان هه‌یه‌. ئه‌ی قۆرنتێییه‌كان، زارمان بۆتان كراوه‌یه‌ و دڵمان فراوانه‌. ته‌نگاوبوونتان به‌هۆی ئێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ناوی خۆتانه‌وه‌یه‌. به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، وه‌ک بۆ ڕۆڵه‌كانم ده‌دوێم، ئێوه‌ش دڵتان بكه‌نه‌وه‌! له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕان له‌ ژێر یه‌ک نیردا مه‌بن، چونكه‌ چ تێكه‌ڵاویه‌ک له‌نێوان بێتاوانی و تاواندا هه‌یه‌؟ یاخود چ هاوبه‌شییه‌ک له‌نێوان تاریكی و ڕووناكیدا هه‌یه‌؟ چ ڕێككه‌وتنێک له‌نێوان مه‌سیح و بلیاعلدا هه‌یه‌؟ یان باوه‌ڕدار چ پشكێكی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕدا هه‌یه‌؟ په‌رستگای خوداش چ ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ بتدا هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئێوه‌ په‌رستگای خودای زیندوون، وه‌ک خودا فه‌رموویه‌تی: {تیایاندا نیشته‌جێ ده‌بم و له‌گه‌ڵیان ڕێده‌كه‌م، ده‌بمه‌ خوداوه‌ندیان و ئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی من} . {بۆیه‌ له‌ناوه‌ڕاستیان ده‌رچن و لێیان جیا ببنه‌وه‌، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ. ده‌ست مه‌ده‌نه‌ هیچ گڵاوێک، ئینجا په‌سه‌ندتان ده‌كه‌م} . {من ده‌بمه‌ باوكتان، ئێوه‌ش ده‌بنه‌ كوڕ و كچم، ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ توانا ده‌یڵێت} .

دووەم کۆرنسۆس 1:6-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، چونکە دەفەرموێ: ﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾ ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری. لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە. ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە. لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی: ﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم، دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾ ﴿یەزدان دەفەرموێ: لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و بەجێیان بهێڵن. دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن، ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾ ﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت: من دەبمە باوکی ئێوە و ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾