لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:4-12

دووەم کۆرنسۆس 1:4-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆیه‌ كه‌ ئه‌م ڕاژه‌مان هه‌یه‌، وه‌ک به‌ر به‌زه‌یی كه‌وتین، شكست ناهێنین، به‌ڵكو شاراوه‌كانی سه‌رشۆڕیمان ڕه‌ت كرده‌وه‌، به‌ فێڵبازی ڕێناكه‌ین و ده‌ستكاری وشه‌ی خودا ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌ ده‌رخستنی ڕه‌وا، بۆ ویژدانی هه‌ر كه‌سێک له‌به‌رده‌م خودا ستایشی خۆمان ده‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر موژده‌كه‌مان شاراوه‌ بێت، ئه‌وا له‌نێو له‌ناوچوواندا‌ شاراوه‌یه‌، كه‌ خوداوه‌ندی ئه‌م ڕۆژگاره‌ هزری بێباوه‌ڕانی كوێر كردووه‌، تاكو ڕووناكیی ئینجیلی شكۆی مه‌سیحیان بۆ نه‌دره‌وشێته‌وه‌، كه‌ وێنه‌ی خودایه‌. چونكه‌ بانگه‌واز بۆ خۆمان ناكه‌ین، به‌ڵكو ئیشۆعی مه‌سیح كه‌ په‌روه‌ردگاره‌، خۆشمان له‌ پێناوی ئیشۆع به‌نده‌ی ئێوه‌ین. چونكه‌ خودا كه‌ فه‌رمووی: “با له‌ تاریكیدا ڕووناكی بدره‌وشێته‌وه‌”، ئه‌و له‌ دڵماندا دره‌وشایه‌وه‌، بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی ناسینی شكۆی خودا له‌ڕووی ئیشۆعی مه‌سیحدا. به‌ڵام ئه‌م گه‌نجینه‌ی هه‌مانه‌ له‌نێو گۆزه‌ی گڵینه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ هێز له‌ خوداوه‌یه‌ نه‌ک له‌ ئێمه‌. له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌ستین، به‌ڵام ته‌نگه‌تاو نین. سه‌رگه‌ردانین، به‌ڵام بێ ئومێد نین. چه‌وسێنراوه‌ین، به‌ڵام به‌جێنه‌هێڵدراوین. به‌ زه‌ویدا ده‌درێین، به‌ڵام له‌ناو ناچین. هه‌میشه‌ چۆنییه‌تی مردنی ئیشۆع له‌ له‌شدا هه‌ڵده‌گرین، تاكو ژیانی ئیشۆع له‌ له‌شماندا ده‌ربكه‌وێت. چونكه‌ ئێمه‌ی زیندوو هه‌میشه‌ له‌ پێناوی ئیشۆعدا ڕاده‌ستی مه‌رگ ده‌كرێین، تاكو ژیانی ئیشۆع له‌ جه‌سته‌ی مردوومان ده‌ربكه‌وێت. كه‌واته‌ مه‌رگ له‌ ئێمه‌دا كارده‌كات، به‌ڵام ژیان له‌ ئێوه‌دا.

دووەم کۆرنسۆس 1:4-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەبەر ئەوەی بەهۆی بەزەیی خوداوە ئەم خزمەتەمان هەیە، بێ هیوا نابین، بەڵکو ئەو ڕێگایانەمان ڕەتکردەوە کە شاراوەن و شەرمەزاریی دەهێنن، فێڵ ناکەین و دەستکاری وشەی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، لەبەردەم خودا بۆ ویژدانی هەرکەسێک خۆمان دەسەلمێنین. بەڵام ئەگەر مژدەکەمان شاراوە بێت، ئەوا بۆ ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن، لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنیی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە. ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین، چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: ﴿با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،﴾ ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لە ڕووی عیسای مەسیحدا. بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت، چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.