لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:1-24

دووەم کۆرنسۆس 1:1-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، تیماتیئوسی براش، بۆ وارگه‌ی خودا له‌ قۆرنتێ، له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان له‌ هه‌موو ئه‌خائیه‌. به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. پیرۆزه‌ خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، باوكی میهره‌بانی و خوداوه‌ندی هه‌موو دڵنه‌واییه‌ک، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كماندا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ دڵنه‌وایی كراین، دڵنه‌وایی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر ته‌نگانه‌یه‌كدان. چونكه‌ وه‌ک ئازاره‌كانی مه‌سیح تیاماندا زیاد ده‌بێت، به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ دڵنه‌واییشمان زیاد ده‌بێت. ئه‌گه‌ر تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین ئه‌وا بۆ دڵنه‌وایی و ڕزگاریتانه‌، ئه‌گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین ئه‌وا بۆ دڵنه‌واییتانه‌، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره‌ له‌ ئێوه‌دا دانبه‌خۆداگرتنه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین. جا هیوامان بۆ ئێوه‌ جێگیره‌. ده‌زانین وه‌ک له‌ ئازاردا به‌شدارن، له‌ دڵنه‌واییش ئاوان. برایان، نامانه‌وێت ئه‌و ته‌نگانه‌ی له‌ ئاسیا به‌سه‌رمان هات له‌لاتان شاراوه‌ بێت، كه‌ زۆر له‌ سه‌رووی توانا بارگران بووین، تا ئه‌وه‌ی له‌ ژیان بێ هووده‌ بووین. به‌ڵام له‌ خۆماندا هه‌ستمان كرد حوكمی مه‌رگمان بۆ دراوه‌، تاكو پشت به‌ خۆمان نه‌به‌ستین، به‌ڵكو به‌و خودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگێكی ئاوا گه‌وره‌ ده‌ربازی كردین و ده‌ربازمان ده‌كات. هیوامان پێی هه‌یه‌ كه‌ دواتریش ده‌ربازمان ده‌كات، ئێوه‌ش به‌ نوێژه‌كانتان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئێمه‌، تاكو كه‌سانێكی زۆر له‌ پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌خششه‌ی پێمان دراوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ن. جا ئه‌مه‌یه‌ شانازیمان. ویژدانمان گه‌واهی ده‌دات‌ كه‌ ڕه‌فتارمان له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، له‌ ساكاری و دڵسۆزی بوو كه‌ له‌ خودایه‌، نه‌ک به‌ دانایی جه‌سته‌یی به‌ڵكو به‌ به‌خششی خودا. چونكه‌ شتێكی دیكه‌تان بۆ نانووسین جگه‌ له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌ یان لێی تێبگه‌ن. منیش هیوادارم تاكو به‌ ته‌واوی له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن، وه‌ک هه‌ندێک لێمان تێگه‌یشتن، تاكو شانازی ئێوه‌ بین، وه‌ک ئێوه‌ش شانازی ئێمه‌ن، له‌ ڕۆژی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار. جا به‌م دڵنیاییه‌وه‌ به‌ نیاز بووم كه‌وا یه‌كه‌مجار بێمه‌ لاتان، تاكو دووباره‌ به‌خششتان بۆ بێت، به‌ره‌و ماقیدۆنیا به‌ لاتاندا تێپه‌ڕم و له‌ ماقیدۆنیاوه‌ دیسان بێمه‌وه‌ لاتان، ئێوه‌ش بۆ ئیهوود ڕه‌وانه‌م بكه‌ن. كه‌ به‌ نیازی ئه‌مه‌ بوومه‌، ئایا دوودڵ بووم؟ یاخود به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ پلانه‌كانم داناوه‌، كه‌ له‌ یه‌ک كات ده‌ڵێم. به‌ڵێ، به‌ڵێ و نه‌خێر، نه‌خێر؟ هه‌روه‌ک خودا سه‌رڕاسته‌، وته‌كانمان بۆ ئێوه‌ به‌ڵێ و نه‌خێر نییه‌. چونكه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا، كه‌ به‌هۆی من و شیلاو تیماتیئوس له‌نێوتاندا ڕاگه‌یێندرا، به‌ڵێ و نه‌خێر نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ودا هه‌ر به‌ڵێ بووه‌. به‌ڵێنه‌كانی خودا هه‌رچییه‌ک بوو، به‌هۆی ئێمه‌وه‌ “به‌ڵێ” و “ئامین” ن، بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سیحدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا جێگیر ده‌كات، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كردووین، خودایه‌، كه‌ مۆری خۆی لێداوین و وه‌ک پێشه‌كی ڕووحی خۆی خسته‌ دڵمانه‌وه‌. به‌ڵام من خوداش ده‌كه‌مه‌ گه‌واهیده‌ر له‌سه‌ر خۆم، به‌زه‌ییم پێتان هاته‌وه‌ كه‌ نه‌هاتمه‌وه‌ قۆرنتێ. نه‌ک به‌سه‌ر باوه‌ڕتان سالار بین، به‌ڵكو هاوكارین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ جێگیرن.

دووەم کۆرنسۆس 1:1-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی براتانەوە، بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک، ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان، چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین. ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، کە لە دانبەخۆداگرتنی ئێوەدا بەرگەگرتنی بەرهەم هێناوە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین. جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان. خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین. بێگومان هەستمان دەکرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵکو بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە. ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات، ئێوەش بە پاڕانەوەکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە پێناوی ئێمە لەسەر ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە، سوپاسی خودا بکەن، کە وەڵامی پاڕانەوەی خەڵکێکی زۆرە. ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتی دەدات کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێوە، لە دروستی و بێ دووڕوویی بوو کە لە خودایە، نەک بە دانایی دنیایی بەڵکو بە نیعمەتی خودا. شتێکتان بۆ نانووسین کە نەتوانن بیخوێننەوە یان لێی تێنەگەن. هیوادارم بە تەواوی لێمان تێبگەن، تاکو مایەی شانازیی ئێوە بین، وەک چۆن ئێوەش لە ڕۆژی عیسای خاوەن شکۆمان مایەی شانازیی ئێمەن. جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، تاکو دووبارە نیعمەتتان بۆ بێت. دەمویست لەسەر ڕێگام بەرەو مەکدۆنیا سەردانتان بکەم و لە مەکدۆنیاوە دیسان بێمەوە لاتان، پاشان ئێوەش بۆ یەهودیا بەڕێم بکەن. کە بە نیازی ئەمە بووم، ئایا بە ڕاڕایی جوڵامەوە؟ یاخود بە شێوەیەکی دنیایی پلانەکانم داناوە، کە لە کاتێکدا دەڵێم: «بەڵێ، بەڵێ» و «نەخێر، نەخێر»؟ بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە. عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە. بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا. بەڵام ئەوە خودایە کە ئێمە و ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەچەسپێنێت. ئەو دەستنیشانی کردووین و خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت. خوداش دەکەمە شایەت لەسەر خۆم، بەزەییم پێتان هاتەوە کە نەهاتمەوە کۆرنسۆس. نەک بەسەر باوەڕتان سالار بین، بەڵکو هاوکارین بۆ خۆشیتان، چونکە بە باوەڕ چەسپاون.