یەکەم سالۆنیکی 4:5-28
یەکەم سالۆنیکی 4:5-28 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
به‌ڵام ئێوه برایان، له تاریكی‌دا نین تاكو ئه‌و ڕۆژه وه‌ک دز له‌ناكاو بێته سه‌رتان. چونكه هه‌مووتان ڕۆڵه‌ی ڕووناكی و ڕۆڵه‌ی ڕۆژن. هی شه‌و و هی تاریكی نین. كه‌واته با وه‌ک خه‌ڵكی دیكه نه‌خه‌وین، به‌ڵكو با بێ‌دار و وریا بین. چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌ون به شه‌و ده‌خه‌ون و ئه‌وانه‌ی سه‌رخۆش ده‌بن به شه‌و سه‌رخۆش ده‌بن. به‌ڵامئێمه‌ی هی ڕۆژ، با وریا بین و سپهری باوه‌ڕ و خۆشویستن بپۆشین و هیوای ڕزگاری وه‌ک كڵاوی ئاسنین له‌سه‌ر بكه‌ین. چونكه خودا ئێمه‌ی بۆ تووڕه‌یی ده‌ستنیشان نه‌كردووه، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕزگاری به ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، ئه‌وه‌ی له پێناوی ئێمه‌دا مرد، تاكو ئه‌گه‌ر به‌خه‌به‌ر بین یاخود خه‌وتوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و بژین. بۆیه دڵنه‌وایی یه‌كتری بكه‌ن و یه‌كتری بنیاد بنێن، وه‌ک ده‌یكه‌ن. ئیتر برایان، داواتان لێ ده‌كه‌ین ڕێزی ئه‌وانه بگرن كه له‌نێوانتاندا ڕه‌نج ده‌ده‌ن و له په‌روه‌ردگار سه‌رپه‌رشتیتان ده‌كه‌ن و ئاگادارتان ده‌كه‌نه‌وه، له‌به‌ر كاره‌كانیان ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و خۆشویستنیان بۆ ده‌ربڕن. به ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌كتری بژین. برایان، داواشتان لێ ده‌كه‌ین: سه‌رزه‌نشتی ته‌مبه‌ڵه‌كان بكه‌ن، وره‌ی وره‌دابه‌زیوه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه، یارمه‌تی لاوازه‌كان بده‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌مووان پشوودرێژ بن. ئاگاداربن پاداشتی خراپه به خراپه مه‌ده‌نه‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه بۆ یه‌كتری و بۆ هه‌مووان كۆشش بكه‌ن بۆ چاكه. هه‌میشه دڵشادبن، بێ بڕانه‌وه نوێژ بكه‌ن، بۆ هه‌موو شتێک سوپاسی خودا بكه‌ن، چونكه خواستی خودا ئه‌مه‌یه بۆ ئێوه له ئیشۆعی مه‌سیحدا. ڕووح مه‌كوژێننه‌وه، پێشبینییه‌كان به سووک مه‌زانن، هه‌موو شتێک تاقی بكه‌نه‌وه، چی باشه ده‌ستی پێوه بگرن، له هه‌موو شێوه‌یه‌كی خراپه دوور بكه‌ونه‌وه. خودای ئاشتی خۆی به ته‌واوی پارساتان بكات. ڕووح و ده‌روون و له‌شتان به ته‌واوی بێ گله‌یی بپارێزێت له هاتنه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. سه‌رڕاسته ئه‌وه‌ی بانگتان ده‌كات، كه ده‌یكات. برایان، له‌پێناومان نوێژ بكه‌ن. به ماچێكی پارسا سڵاو له هه‌موو برایان بكه‌ن. سوێندتان به په‌روه‌ردگار ده‌ده‌م ئه‌م په‌یامه بۆ هه‌موو برا پارسا‌كان بخوێننه‌وه. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵتان بێت. ئامین.
یەکەم سالۆنیکی 4:5-28 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان، چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین. کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین، چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن. بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و زرێی باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین، چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە، ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو، لەگەڵ ئەو بژین. لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن. ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن، لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین. ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن، ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە، یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن. ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن. هەمیشە دڵشاد بن، بەردەوام نوێژ بکەن، لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا. ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە، پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن، لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە. خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن. ئەو خودایەی بانگتان دەکات، دڵسۆزە و بەڵێنی خۆی دەباتە سەر. خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن. بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە. با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.