لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم سالۆنیکی 9:2-16

یەکەم سالۆنیکی 9:2-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چونكه‌ برایان، ڕه‌نج و ماندووبوونی ئێمه‌تان له‌ یاده‌، شه‌و و ڕۆژ كارمان ده‌كرد، تاكو به‌سه‌ر كه‌ستانه‌وه‌ نه‌بینه‌ بار، كاتێ ئینجیلی خودامان بۆ ڕاگه‌یاندن. ئێوه‌ و خودا گه‌واهیده‌رن، چۆن به‌ بێگه‌ردی و خوداناسی و بێ گله‌یی بووین له‌نێوان ئێوه‌ی باوه‌ڕدار. وه‌ک ده‌زانن، چۆن بۆ هه‌ریه‌كه‌تان وه‌ک باوک بووین بۆ منداڵه‌كانی، هانتان ده‌داین ‌به‌ شێوه‌یه‌ک بژین شایانی خودا بێت، ئه‌وه‌ی بۆ پاشایه‌تی و شكۆی خۆی بانگتان ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێ بڕانه‌وه‌ سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، چونكه‌ كاتێ وشه‌ی خوداتان له‌ ئێمه‌ وه‌رگرت، نه‌ک وه‌ک وشه‌ی مرۆڤ بێت، به‌ڵكو وه‌ک به‌ ڕاستی وشه‌ی خودایه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێو ئێوه‌ی باوه‌ڕداریش كارده‌كات. ئه‌ی برایان، چونكه‌ ئێوه‌ لاسایی وارگه‌كانی خودا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ئیهوود له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدایه‌، ئێوه‌ش به‌ ده‌ستی هاوڵاتیانتان ئازار دران، وه‌ک ئه‌وان به‌ ده‌ستی جوو، ئه‌وانه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار و پێغه‌مبه‌رانیان كوشت و ئێمه‌یان چه‌وسانده‌وه‌. خودا ڕازی ناكه‌ن و دژی هه‌موو خه‌ڵكن، ڕێگامان لێ ده‌گرن له‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌كان بدوێین تاكو ڕزگاربن، به‌مه‌ش گوناهه‌كانیان هه‌رده‌م ته‌واو ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ پایاندا تووڕه‌یی هاته‌ سه‌ریان.

یەکەم سالۆنیکی 9:2-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنیی خودامان بۆ ڕاگەیاندن. ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە. هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات، هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات. لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات. ئەی خوشکان و برایان، ئێوە بوون بە لاساییکەرەوەی کڵێساکانی خودا لە یەهودیا، واتا ئەوانەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونەتە یەک، چونکە ئێوە بە دەستی هاوڵاتییەکانی خۆتان هەمان ئەو ئازارانەتان کێشا کە باوەڕدارانی یەهودیا بە دەستی جولەکەکان کێشایان، ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن، ڕێگامان لێ دەگرن لەوەی بۆ نەتەوەکان بدوێین تاکو ڕزگاربن، بەمەش کاسەی گوناهەکانیان سەرڕێژ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا تووڕەیی خودا هاتووەتە سەریان.