یەکەم ساموئێل 7:7-17
یەکەم ساموئێل 7:7-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
کاتێک فەلەستییەکان بیستیان نەوەی ئیسرائیل لە میچپا کۆبوونەتەوە، حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتن بۆ هێرشبردنە سەر ئیسرائیل، نەوەی ئیسرائیلیش کە ئەمەیان بیست لە فەلەستییەکان ترسان. نەوەی ئیسرائیل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناوی ئێمە بەردەوام بە لە پاڕانەوە لە یەزدانی پەروەردگارمان، بەڵکو لە دەست فەلەستییەکان ڕزگارمان بکات.» ساموئێلیش بەرخۆڵەیەکی شیرەخۆرەی برد و کردییە قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدان. ساموئێل لە پێناوی ئیسرائیل لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش وەڵامی دایەوە. ئەوە بوو کاتێک کە ساموئێل قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش دەکرد، فەلەستییەکان هاتنە پێش بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل، بەڵام لەو ڕۆژەدا یەزدان بە دەنگێکی بەرز بەسەر فەلەستییەکاندا گرماندی و بە جۆرێک پەشۆکاندنی کە لەبەردەم ئیسرائیلدا بەزین. پیاوانی ئیسرائیلیش لە میچپا هاتنە دەرەوە و بەدوای فەلەستییەکان کەوتن و هەتا خوار بێتکار لێیان دان. ئینجا ساموئێل بەردێکی هەڵگرت و لەنێوان میچپا و شێن بە ستوونی ڕاگیری کرد و ناوی لێنا «بەردی یارمەتی» و گوتی: «یەزدان هەتا ئێرە یارمەتی داین.» بەم جۆرە فەلەستییەکان چاویان شکا و جارێکی دیکە نەهاتنەوە سەر سنووری ئیسرائیل. یەزدانیش بە درێژایی ژیانی ساموئێل لە دژی فەلەستییەکان بوو. ئەو شارۆچکانەش کە فەلەستییەکان لە ئیسرائیلیان بردبوو گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل، لە عەقرۆنەوە هەتا گەت، ئیسرائیل سنوورەکانی خۆی لە چنگ فەلەستییەکان دەرهێنا. لەو کاتەدا لەنێوان گەلی ئیسرائیل و ئەمۆرییەکانیشدا پەیمانی ئاشتی هەبوو. ساموئێلیش بە درێژایی ژیانی ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و ساڵ لەدوای ساڵ دەڕۆیشت و دەگەڕا بەناو بێتئێل و گلگال و میچپادا و لە هەموو ئەو شوێنانەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد. بەڵام هەمیشە دەگەڕایەوە بۆ ڕامە، چونکە ماڵەکەی لەوێ بوو و لەوێ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و لەوێدا قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا.