یەکەم پاشایان 29:1-35
یەکەم پاشایان 29:1-35 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد، ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.» بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد و گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!» داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا. پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن. با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“ ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.»