لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 8:4-17

یەکەم کۆرنسۆس 8:4-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

وا تێربوون! وا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! به‌بێ ئێمه‌ بوونه‌ پاشا! خۆزگه‌ به‌ ڕاستی ببوونایه‌ته‌ پاشا، تاكو ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتان ببووینایه‌ پاشا! چونكه‌ وا ده‌بینم خودا ئێمه‌ی په‌یامبه‌ری له‌ دواوه‌ی كه‌ژاوه‌ ده‌رخست، وه‌ك ئه‌وه‌ی حوكمی مه‌رگمان بۆ درابێت، چونكه‌ بووینه‌ نماییشی جیهان و فریشته‌ و خه‌ڵک. ئێمه‌ له‌ پێناوی مه‌سیحدا گێلین، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ مه‌سیحدا دانان! ئێمه‌ لاوازین و ئێوه‌ به‌هێزن! ئێوه‌ ڕێزدارن و ئێمه‌ بێ ڕێزین! تا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانه‌یی ده‌چێژین. به‌ ده‌ستی خۆمان ئیش ده‌كه‌ین و ماندوو ده‌بین. جنێومان پێ ده‌درێت و داڕشت ده‌كه‌ین، ده‌چه‌وسێینه‌وه‌ و به‌رگه‌ ده‌گرین. بوختانمان پێ ده‌كه‌ن و نه‌رمی ده‌نوێنین. تا ئێستا وه‌ك زبڵی جیهان و پاشماوه‌ی هه‌موو شتێكمان لێ هاتووه‌. ئه‌مانه‌ نانووسم تاكو شه‌رمه‌زارتان بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌. چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ ده‌یان هه‌زار ڕابه‌رتان له‌ مه‌سیحدا هه‌بێ، به‌ڵام باوكان زۆر نین. چونكه‌ به‌هۆی ئینجیل له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بوومه‌ باوكتان. جا تكاتان لێ ده‌كه‌م، لاسایی من بكه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ تیماتیئوسم بۆ ناردن، كه‌وا ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویست و دڵسۆزمه‌ له‌ په‌روه‌ردگار، ئه‌و ڕێگاكانی منتان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بیر ده‌خاته‌وه‌، وه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ هه‌موو وارگه‌یه‌ك فێرده‌كه‌م.

یەکەم کۆرنسۆس 8:4-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا! خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد! چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بەسەردا درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک. لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین! هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین. بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێینەوە و بەرگە دەگرین. بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە. ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە. تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە من بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی. جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە. لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەتان بەبیر دەهێنێتەوە کە من بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پەیڕەوی دەکەم، هەروەک لە هەموو شوێن و کڵێسایەک خەڵکی فێر دەکەم.