لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 20:15-41

یەکەم کۆرنسۆس 20:15-41 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ڵام مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان. جا چۆن مه‌رگ به‌ مرۆڤێك بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌ مرۆڤێكه‌. هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌مدا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیحدا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌مجار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن، دوای ئه‌مه‌ پایان دێت، كاتێ پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوک، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌موو هێزێك پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ ده‌بێ پاشایه‌تی بكات، تاكو هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. دوا دوژمن كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێت، مه‌رگه‌. چونكه‌ هه‌موو شتێكی خستۆته‌ ژێر پێی. به‌ڵام كاتێ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌موو شتێك ملكه‌چ بووه‌} ، ڕوونه‌ كه‌وا جگه‌ له‌ خودایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌. كاتێ هه‌مووی ملكه‌چی ده‌بێت، ئه‌وسا ڕۆڵه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێكدا. ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن؟ بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ من ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك له‌ ئه‌پیسۆسدا به‌ره‌نگاری دڕندان بوومایه‌وه‌، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بێت و مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌: “با بخۆین و بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین”. هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: “په‌یوه‌ندی خراپ، ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات” هۆشمه‌ند بن بۆ خوداناسی و گوناه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانینتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم! له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: “مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟” ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت. ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌. به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ. هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، ماسی جه‌سته‌یه‌ك و باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌. جه‌سته‌ی ئاسمانی هه‌یه‌ و جه‌سته‌ی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌یه‌. شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌یه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 20:15-41 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە. بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە ڕادەستی خودای باوک دەکات، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ بەڵام کاتێک دەفەرموێ ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،﴾ ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا. ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە بەرەنگاری مردن دەبمەوە، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە: ﴿با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.﴾ هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم. لەوانەیە کەسێک بڵێت: «چۆن مردووان هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە جەستەیەکەوە دێنەوە؟» ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت، زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. ئەوەی دەیچێنیت، ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، جا گەنم بێت یاخود هەر تۆوێکی دیکە. بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەمینیش هەیە، بەڵام شکۆی تەنە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی تەنە زەمینییەکانیش شتێکی دیکەیە. شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکەیە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.