لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەکەریا 9:9-17

زەکەریا 9:9-17 KSS

ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە! ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە! ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دادپەروەرە و ڕزگارکەرە، بێفیزە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە. گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و ئەسپیش لە ئۆرشەلیم، کەوانی جەنگ دەشکێنرێت. ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت، فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە. هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ، دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم. ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان، ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە. من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە، ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم، ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە، لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان، تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان. ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت، تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە. یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات، بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات، یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت. بە بەردی قۆچەقانی دوژمن تێکدەشکێنن، دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت، وەک تاسی خوێنپرژێن پڕ دەبن، کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت. لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگار گەلی خۆی ڕزگار دەکات، هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت. لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە وەک بەردی گرانبەهای تاج. چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبن! دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان