لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕائووس 9:4-22

ڕائووس 9:4-22 KSS

بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە. هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، تاکو ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!» هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون، گوتیان: «ئێمە شایەتین. با یەزدان ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێت‌لەحم. هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ژنە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.» ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو. ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە. دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشدەوێت و بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.» ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی. ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو. ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن: پێرێز باوکی حەسرۆن بوو، حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو، ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو، عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو، نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو، سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو، بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو، عوبێدیش باوکی یەسا بوو و یەساش باوکی داود بوو.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە ڕائووس 9:4-22