لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 19:89-52

زەبوورەکان 19:89-52 KSS

جارێکیان لە بینینێکدا قسەت کرد، بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو: «هێزم بە پاڵەوانێک بەخشی، لەنێو گەل گەنجێکم بەرزکردەوە. داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە، بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد. ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت، هەروەها بازووم بەهێزی دەکات. دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت، نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار. لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم، ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم. دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە، بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت. وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت، دەستی ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان. هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی، خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“ منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم، بەرزترین لە پاشایانی زەوی. هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم، پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت. هەتاهەتایە وەچەکەی دەچەسپێنم، تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت. «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن، ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر، ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن، ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن، لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم، بە لێدان گوناهەکانیان، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە، درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم. پەیمانی خۆم ناشکێنم و قسەی خۆم ناگۆڕم. جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد، درۆ لەگەڵ داود ناکەم. هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و تەختی وەک خۆر لەبەردەممە، هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت، ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.» بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا، لە دەستنیشانکراوەکەت تووڕەبوویت. پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد. هەموو شووراکانیت ڕووخاند، قەڵاکانیت کردە کاولگە. هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کرد، لەلای دراوسێکانی ڕیسوا بوو. دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە، هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد. دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و لە جەنگدا سەرتنەخست. شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە، تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی. ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری. ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟ هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟ لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟ ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟ ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت، کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟ پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت، چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە، ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان، ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت کرا. هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە زەبوورەکان 19:89-52