لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەندەکانی سلێمان 1:15-15

پەندەکانی سلێمان 1:15-15 KSS

وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە، بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت. زمانی دانایان زانیاری دەڕازێنێتەوە، بەڵام دەمی دەبەنگەکان گێلایەتی لێ هەڵدەقوڵێت. چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە، چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات. هێمنی زمان درەختی ژیانە، بەڵام خوارکردنەوەی تێکشکانی ڕۆحە. گێل سووکایەتی بە تەمبێکردنی باوکی دەکات، بەڵام ئەوەی چاوی لە سەرزەنشت بێت ژیر دەبێت. لە ماڵی کەسی ڕاستودروست گەنجینەی گەورە هەیە، بەڵام داهاتی بەدکار پشێوییە. لێوی دانایان زانیاری بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دڵی گێلەکان ئاوا نییە. قوربانی بەدکاران قێزەونە لەلای یەزدان، بەڵام نوێژی سەرڕاستان خۆشحاڵی دەکات. قێزی یەزدان لە ڕێگای بەدکارە، بەڵام ئەوەی خۆشدەوێت کە دوای ڕاستودروستی کەوتووە. تەمبێی سەخت بۆ لەڕێ لادەرە، ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشتە دەمرێت. جیهانی مردووان و لەناوچوون لەبەردەم یەزدانن، لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد! گاڵتەجاڕ ئەو کەسەی خۆشناوێت کە سەرزەنشتی دەکات، بۆ لای دانایان ناچێت. دڵی شادمان ڕوو خۆشدەکات، بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت. دڵی تێگەیشتوو بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت، بەڵام دەمی گێلەکان لەسەر گێلایەتی دەلەوەڕێت. هەموو ڕۆژانی ستەملێکراو سەختە، بەڵام دڵخۆش هەمیشە لەسەر خوانی شادییە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە پەندەکانی سلێمان 1:15-15