لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عۆبەدیا 1:1-14

عۆبەدیا 1:1-14 KSS

بینینەکەی عۆبەدیا. یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت، هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.» «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت. فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد، ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە، ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“ ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟ ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە! ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت! گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن! هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای، هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون، ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە، بەڵام تۆ تێناگەیت.» یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەو ڕۆژەدا، دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم، تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟ ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن، هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن بە کوشتن لەناودەچن. لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات، ڕیسوایی داتدەپۆشێت، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت. ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد، هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان. بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت، یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت، یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت. نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم لە ڕۆژی کارەساتیان، یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت لە ڕۆژی کارەساتیان، یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت لە ڕۆژی کارەساتیان. نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان، نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە عۆبەدیا 1:1-14