لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەرژمێری 1:4-28

سەرژمێری 1:4-28 KSS

یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «سەرژمێری نەوەی قەهات لەنێو نەوەی لێڤییەکان بکەن، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەتوانن بچن بۆ خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتن کار بکەن. «نەوەی قەهات خزمەتی شتە هەرەپیرۆزەکانی ناو چادری چاوپێکەوتن دەکەن. هارون و کوڕەکانی لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگا دێن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز هەڵدەگرنەوە و سندوقی شایەتی پێ دادەپۆشن. ئینجا پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا بەسەردا دەدەن و لەسەر ئەوەشەوە قوماشێک هەمووی ڕیسی مۆر بێت ڕایدەخەن و دارەکانیشی دەخەنە شوێنی خۆی. «لەسەر مێزی نانی تەرخانکراو بۆ خودا قوماشێکی لە ڕیسی مۆر ڕادەخەن و لەگەن و قاپ و تاس و دۆلکەکانی شەرابی پێشکەشکراوی لەسەری دادەنێن و بەردەوام نانەکەی لەسەر دەبێت. قوماشێکی سووری ئاڵیشی لەسەر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی. «قوماشێک لە ڕیسی مۆر دەبەن و چرادانەکەی ڕووناکی و چراکانی و مەقاش و مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکانی زەیتەکەی کە خزمەتی پێ دەکەن دادەپۆشن. لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکەی دەیخەنە ناو پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا و دەیخەنە سەر هەڵگرێک. «لەسەر قوربانگا زێڕینەکەش قوماشێکی ڕیسی مۆر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دایدەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی. «هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن کە خزمەتی پێ دەکەن لە پیرۆزگا دەیبەن و لەناو قوماشێکی ڕیسی مۆر دایدەنێن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دەیخەنە سەر هەڵگرێک. «خۆڵەمێشی قوربانگا بڕۆنزییەکەش هەڵدەگرن و قوماشێکی ئەرخەوانی لەسەر ڕادەخەن. هەموو قاپوقاچاغەکانی کە لە قوربانگاکە بۆ خزمەت بەکاریدەهێنن دەیخەنە سەری، مەقەڵییەکان، چەنگاڵەکان، خاکەنازەکان و تاسەکان، هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکە، پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریاشی بەسەردا ڕادەخەن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی. «کاتێک هارون و کوڕەکانی لە پۆشینی پیرۆزگاکە و هەموو قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە دەبنەوە، لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگاکە، ئینجا نەوەی قەهات بۆ هەڵگرتن دێن، بەڵام دەست لە شتە پیرۆزکراوەکان نادەن نەوەک بمرن، ئەوە بارهەڵگرتنی نەوەی قەهاتە لە چادری چاوپێکەوتن. «ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینیش سەرپەرشتی زەیتی ڕووناکی، بخوورە بۆنخۆشەکە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و زەیتی دەستنیشانکردن دەکات. هەروەها سەرپەرشتی هەموو چادرەکەی پەرستن دەکات، هەموو ئەوەی تێیدایە، بە شتومەکە پیرۆزەکانی و قاپوقاچاغەکانییەوە.» هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «خێڵەکانی قەهاتییەکان لەنێو لێڤییەکان دامەبڕن، بەڵکو ئەمەیان بۆ بکەن، جا دەژین و لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە شتە هەرەپیرۆزەکان نامرن، هارون و کوڕەکانی دەچنە ژوورەوەی پیرۆزگاکە و هەرکەسێک لەسەر خزمەتەکەی و بارەکەی دادەنێن. بەڵام بۆ ساتێک قەهاتییەکان ناچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی شتە پیرۆزکراوەکان ببینن نەوەک بمرن.» یەزدان بە موسای فەرموو: «سەرژمێری نەوەی گێرشۆنیش بکە بەگوێرەی بنەماڵە و خێڵەکانیان. لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی کە دێن بۆ ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت بکەن. «ئەمەش خزمەتی خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە لە خزمەت و لە بارهەڵگرتن، پڵاسەکانی چادرەکەی پەرستن و چادری چاوپێکەوتن و پۆشەرەکەی و پۆشەرە پێست مانگای دەریاکە کە لە سەرەوە لەسەریەتی و پەردەکەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەڵدەگرن. هەروەها پەردەکانی حەوشەکە، ئەوانەی لە دەوری چادری پەرستن و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوریدا، پەردەی دەروازەی حەوشەکە، لەگەڵ گوریسەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بۆ خزمەت بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەوەی بۆیان دیاری دەکرێت، گێرشۆنییەکان دەیکەن. هەموو خزمەتی نەوەی گێرشۆنییەکان چ لە بارهەڵگرتن یان هەر کارێکی دیکە بە سەرپەرشتی هارون و کوڕەکانی دەبێت، تۆش دیاریکردنی بەرپرسیاریێتی هەموو بارەکانی خۆیان پێ دەسپێریت، ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی گێرشۆنییەکانە لە چادری چاوپێکەوتن و ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین سەرپەرشتییان دەکات.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ سەرژمێری 4:1-28 شێوەکاری؟؟؟