لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەرژمێری 15:16-46

سەرژمێری 15:16-46 KSS

جا موسا زۆر تووڕە بوو و بە یەزدانی گوت: «ئاوڕ لە قوربانییەکەیان مەدەوە. نە گوێدرێژێکم لێ بردوون و نە خراپەم لەگەڵ کەسیان کردووە.» ئینجا موسا بە قۆرەحی گوت: «بەیانی تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەبەردەم یەزدان بن، تۆ و ئەوان و هارونیش. هەریەکە بخووردانەکەی ببات و بخووری تێبکات و لەبەردەم یەزدان بخووردانەکەی پێشکەش بکات، دوو سەد و پەنجا بخووردان، تۆ و هارونیش هەریەکە و بخووردانی خۆتان.» جا هەریەکە بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێکرد و بخووریان بەسەردا کرد و لەگەڵ موسا و هارون لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان. قۆرەحیش هەموو کۆمەڵی لە دژی ئەوان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆکردەوە، جا شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو کۆمەڵ دەرکەوت. ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.» بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟» جا یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“» موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن، ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.» ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوورکەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان. ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی بۆ ئەوەی ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە. ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە. بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.» کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان. جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون. هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن و گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!» ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد. ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین بڵێ، با بخووردانەکان لەناو ئاگرەکە هەڵبگرێت و پاشماوەی ئاگرەکە لە دوور و بە فراوانی بڵاو بکاتەوە، چونکە بخووردانەکانی ئەوانەی لە دژی نرخی ژیانی خۆیان گوناهبارن پیرۆزکراون. با بخووردانەکان بکوتن و بیکەنە چەند پلێتێک و قوربانگاکەی پێ دابپۆشرێت، چونکە لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان کرد و پیرۆز بوو. با نەوەی ئیسرائیل پەند لەمە وەربگرن.» ئینجا ئەلعازاری کاهین بخووردانە بڕۆنزییەکانی برد کە ئەوانەی سووتێنرابوون پێشکەشیان کردبوو و کوتایان و کردیانە پۆشەر بۆ قوربانگاکە، وەک یەزدان پێی فەرموو لەسەر دەستی موسا. ئەمە وەک بەبیرهێنانەوەیەک بوو بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەگەر پیاوێکی بێگانە کە لە نەوەی هارون نەبێت لەبەردەم یەزدان بۆ بخوور سووتاندن نزیک بکەوێتەوە، ئەوا وەک قۆرەح و کۆمەڵەکەی لێدێت. جا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بۆ بەیانی دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد لەسەر موسا و هارون و گوتیان: «ئێوە گەلی یەزدانتان کوشت.» کاتێک کۆمەڵ لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە ئەوان چوونە لای چادری چاوپێکەوتن، لەپڕ هەورێک دایپۆشی و شکۆمەندی یەزدان دەرکەوت. جا موسا و هارون هاتنە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەنێو ئەم کۆمەڵە بچنە دەرەوە، من بە ساتێک لەناویان دەبەم.» جا بەسەر ڕوویاندا کەوتن. ئینجا موسا بە هارونی گوت: «بخووردانەکە ببە و لەسەر قوربانگاکەوە ئاگری تێبکە، بخووری لەسەر دابنێ، بە خێرایی بیبە لای کۆمەڵ و کەفارەتیان بۆ بکە. لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدان جۆشاوە، وا دەردەکە دەستی پێکرد.»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ سەرژمێری 16:15-46 شێوەکاری؟؟؟

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە سەرژمێری 15:16-46