لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 15:11-26

مەرقۆس 15:11-26 KSS

هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان﴾؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون. کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار. بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. [بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.]»